چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو

وەزیری كشتوكاڵ لەگەڵ كۆمەڵە و رێكخراو كۆمپانیاكانی تایبەت بە پەلەوەر و ئالیك كۆبووەوە


وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڕیاری دروستكردنی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەری دەركرد، لەگەڵ سنورداركردنی هێلكەی تایبەت بۆ هەڵهێنەرەكان‌و خستنە لیستی رەشی ئەو كۆمپانیایانەی كە بەرهەمی قەدەغەكراو هاوردە دەكەن و كەمكردنەوەی كرێی كارەبای كارگە ئالیكیەكان.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 14/11/2019، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ كۆمەڵە و رێكخراو كۆمپانیاكانی تایبەت بە پەلەوەر و ئالیك كۆبووەوە.

سەرەتای كۆبوونەوەكە، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئامانجی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو، كە تایبەت بوو بە چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی بەردەم پیشەسازی پەلەوەر لەپێناو بایەخدان بە بەرهەمی ناوخۆی و سنورداركردنی بەرهەمی هاوردە.
پاشان ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بەوردی سەرجەم سەرنج و پێشنیارەكانیان خستەڕوو، تایبەت بەزیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی پەلەوەر و ئالیك.

لەكۆبوونەوەكە كە بەڕێوەبەرەگشتیەكانی وەزارەت ئامادەبوون، بڕیاردرا بەدروستكردنی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر و كۆبوونەوەی بەردەوامی دەوری كە هەر دوومانگ جارێك كۆببێتەوە و لەكاتی پێویستیش كۆبوونەوەكە بكرێت، ئەنجوومەكە راستەوخۆ لەلایەن وەزیری كشتوكاڵ سەرپەرشتی دەكرێت، هەروەها بەڕێوەبەرە گشتیە پەیوەندارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، نوێنەری كۆمەڵە و رێكخراو ئەنجوومەنی پەلەوەری و كەسانی ئەكادیمی لەخۆ دەگرێت، ئەمەش بەمەستی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی پیشەسازی پەلەوەر.

هەر لەم كۆبوونەوە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ بڕیاریدا، هەر كۆمپانیایەك بەرهەمی قەدەغەكراو هاوردە بكات دەخرێتە لیستی رەش، ئەمەش لە پێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی.

بڕیاریشدرا كۆبوونەوەیەك لەگەڵ پارێزگاكان بكرێت بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی پەلەوەر.
هەروەها بڕیاردرا بەسنورداركردنی هێلكەی تروكان‌، كە تەنها لەسەر خواست و پێویستی پرۆژەكانی هەڵهێنەر دەبێت.

وەزیری كشتوكاڵ بە ئامادەبوانی راگەیاند، لەپێناو بایەخدان بەبەرهەمی ناوخۆیی و كەمكردنەوەی خەرجی لەسەر خاوەن كارگە ئالیكیەكان نوسراوێك ئاراستەی وەزارەتی كارەبا بكرێت، بۆ ئەوەی نرخی كارەبایان لەسەر كەمبكرێتەوە وەك پرۆژە كشتوكاڵیەكان.
هەرچی تایبەت بە كەرەنتینەكان، بڕیاردرا كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەڕێوەبەری كەرەنتینەكان ئەنجامبدرێت تایبەت بە بڕیارەكانی وەزارەت بۆ رێگری لەو بەرهەمانەی قەدەغكراون بۆ ناو هەرێم و گرتنەبەری رێكاری یاسایی پێویست.