نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق راگه‌یاندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌

پڕۆژە یاسای ھەڵبژاردنەکان رێگری لەخۆپاڵاوتنی گەورە بەرپرسان دەکات بۆ پەرلەمان

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی رایگەیاند کە پڕۆژە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رێگری لەخۆپاڵاوتنی گەورە بەرپرسان دەکات بۆ پەرلەمان.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق لە زاری گوتەبێژی نووسینگەکە، عاسفە موسا بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی پڕۆژە یاساکە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ٢٥١ کورسی کەمکراوەتەوە ( ئێستا ٣٢٩ کورسییە)، ھەروەھا تەمەنی خۆپاڵاوتن لە ٣٠ ساڵەوە بۆ ٢٥ ساڵ کەمکراوەتەوە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پڕۆژە یاساکە رێگری لە گەورە بەرپرسانی حکوومەت تاوەکو پۆستی بەڕێوەبەری گشتی دەکات لە خۆپاڵاوتنیان بۆ پەرلەمان، تا ئەو کاتەی بۆ ماوەی دوو ساڵ کەمتر نەبێت وازی لە پۆستەکەی ھێنابێت.

ھەروەھا رێگری دەکات لەوانەی سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە بۆ پەرلەمان، ئەرکەکەیان لە پەرلەمانتارەوە بگۆڕن بۆ پۆستی وەزیر یان ھەر پۆستێکی دیکەی بەپلەی وەزیر.

لەبارەی پڕۆژە یاساکە و کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانەوە، موسا گوتی: "پڕۆژەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی کۆمیسیۆنەکە سەربەخۆ بێت و دوور بێت لە دابەشکاری سیاسی، ھەڵبژاردنی ئەندامەکانیشی لە کەسانی پسپۆڕی پەیوەندیدار دەبن، لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت و دیوانی چاودێری دارایی و مامۆستایانی کۆلێژەکانی زانستە سیاسییەکان و تەکنیکی زانیاری".

ئەوەشی گوت، پڕۆژە یاساکە، کۆمیسیۆنەکە بەتەواوەتی لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران دووردەخاتەوە بە دانانی ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە یان دوورخستنەوەیان، بەڵکو دانانی بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە کۆمیسیۆنەکە لەدەسەڵاتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەبێت ، بەڕێوەبەری گشتییەکانیش لە ٣٨ بەڕێوەبەری گشتی بۆ ٧ بەڕێوەبەر کەم دەکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە پڕۆژە یاساکە، کۆمیسیۆن پابەند دەکات بەراگەیاندنی خێرای دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردن.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، حکوومەتی عێراق رەزامەندی نیشاندا لەسەر ھەردوو پڕۆژە یاسای ھەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و رەوانەی پەرلەمانی کرد بۆ گفتوگۆ لەسەرکردن و پەسەندکردنیان.

ھەموارکردنەوە و گۆڕانکاریکردن لە یاساکانی ھەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان، لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانە و پێیان وایە یاسا کۆنەکان لەبەرژەوەندی لایەنە سیاسییە باڵادەستەکان داڕێژراون.