مه‌سرور بارزانى: هەموو هەوڵێک دەده‌ین بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستە پێشکەش بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدە نەمرەکان بکرێت

پێشمه‌رگه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كیه‌ له‌ پلان و ئامانجی كابینه‌ی نۆیه‌مدا

ئێواره‌ى رۆژی شەممە 7/12/2019، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان وتارێکی لەبارەی کارو چالاکییەکانی سه‌د رۆژی رابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ وتاره‌كه‌یدا ، پلان و ئامانج و هه‌وڵه‌كانی كابینه‌كه‌ی روونكردۆته‌وه‌و، تیایدا پێشمه‌رگه‌و ماف و ئاینده‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی هه‌وڵه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م دانراوه‌، به‌ تایبه‌تی پرۆسه‌ی چاكسازی و خزمه‌تكردنی پێشمه‌رگه‌و كه‌سوكاری شه‌هیدان و هه‌وڵدان بۆ پێشخستنی توانا سه‌ربازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌و زامنكردنی مافه‌ ده‌ستورییه‌كانیان لە سیستەمی بەرگری عێراقدا.


له‌ ته‌وه‌رێكی وتاره‌كه‌دا، كه‌ باس له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق ده‌كات، خاڵێكی تایبه‌ته‌ به‌ پرسی پێشمه‌رگه‌و وه‌ك‌ به‌شێك له‌ بابه‌ت و خواسته‌كانی هه‌رێم له‌ دانوستانی له‌گه‌ڵ به‌غدا داوا ده‌كات : هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشێک بێت لە سیستەمی بەرگری عێراق و مافە دەستوورییەکانی پارێزراو بێت.
هه‌ر له‌وتاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، به‌شێكی تایبه‌ت له‌ژێرناوی (دەربارەی راهێنان و چاکسازی لە پێشمەرگە) ته‌رخانكراوه‌ بۆ كاروباری پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاستی ناوخۆدا، تیایدا خراوه‌ته‌ڕوو كه‌، (ئامانجێکی هەرە لەپێشی حکومەتی هەرێم پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئاسایش و ئارامی هەرێمە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی پۆلیس و دامودەزگاکانی ئاسایش بکەم بۆ ئەو دۆخە ئارام و سەقامگیرەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە جێی سەرنج و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە).
له‌ بڕگه‌یه‌كی تری ئه‌م به‌شه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پێشمه‌رگه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ڵێ: (من خۆم شاهیدی قارەمانێتی و ئازایەتی پێشمەرگەم، کە چۆن لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری لە خاکی هەرێمی کوردستان بوون. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە رێز لە قارەمانێیتی و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە دەگرێت و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستە پێشکەش بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدە نەمرەکانمان بکرێت).
له‌باره‌ی هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمانان و چاكسازی رایگه‌یاندووه‌: (وڵاتانی هاوپەیمان بەردەوامن لە راهێنانی هێزی پێشمەرگە و دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆیان. لە ماوەی سەد رۆژی رابردوودا بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان، دەستمان بە پرۆسەی چاکسازی کردووە لە نێو یەکەکانی هێزی پێشمەرگە. لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پێشمەرگە، لە سەر ئەم بابەتە کار دەکەین).


سه‌نته‌ر میدیا

دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز