له‌ هه‌ولێر پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژی دەست پێدەکات

پارێزگاری هه‌ولێر: ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیە بۆ خەڵکی هەولێر


له‌راگه‌یاندراوێكدا  كه‌وێنه‌یه‌ك بۆ مالپه‌ری كوردستان تیڤى نێردراوه‌ راگه‌یاندنى پارێزگای هه‌ولێر رایده‌گه‌ێنێت  كه‌ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌  2019.12.9 بەئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێڕ و کونسڵی گشتی ژاپۆن لە هەولێر و بەرێوەبەری ئاژانسی هەماهەنگی نێودەوڵەتی ژاپۆن (جایکا) لەعێراق، ڕێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستی خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری بۆ پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆیی هەولێر سازکرا.

راشیده‌گه‌یه‌نن ، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا دوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان وتی: "زۆر سەربەرز و خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرەم بۆ باسکردن لە پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیی، بۆیە دەمەوێ بەناوی پارێزگای هەولێر سوپاس و پێزانین و ستایش بۆ هەر یەکێک لە حکومەتی ژاپۆن و جایکا و حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی شارەوانی بکەم، لەوکاتەی کە هەواڵی تەواو بوونی ئەو پڕۆژەیەم پێگەیشت یەکێک بوو لە هەواڵە زۆر خۆشەکان بۆمن، چونکە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیە بۆ خەڵکی هەولێر، بۆیە شانازی دەکەین کە ئەم پڕۆژە ستراتیژیە بۆ ژێرخانی هەولێر دەست پێدەکات".

پارێزگاری هەولێر هەروەها وتی: "وەکو ئیدارەی پارێزگای هەولێر هەموو ئاسانکاری و پشتیوانی پێویست دەخەینە بەردەم کۆمپانیایی ڕاوێژکاری و جایکا بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە کاروبارەکانی خۆیان بۆ جێ بەجێکردنی پڕۆژەکە دەستەبەربکەن، لەم بارەیەشەوە هەموو دام و دەزگاکانی ئێمە لە خزمەت ئێوە دەبن بۆ ئەوەی هاوکارو پشتیوانتان بن، جارێکی تر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە هەولێر پڕۆژەیەکی گەورە دەست پێدەکات، داواکارم پڕۆژەکە چ لەڕووی ڕاوێژکاری و چ لەڕووی جێبەجێکردنەوە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواو ببێ و هاوکارمان بن بۆئەوەی بە ئامانج بگات".

راگه‌یاندنى پارێزگای هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆ لە هەولێر کە لەچوارچێوەی قەرزی ژاپۆنی جێبەجێدەکرێت، پڕۆژەیەکی ستراتیژی گەورەیە و بڕیار وایە بە چوار قۆناغ جێ بەجێ بکرێ و کۆی تێکڕای گوژمەکانی دەگاتە نزیکەی (2) ملیار دۆلار کە لە ئێستادا قۆناغی یەکەمی بەکۆی تێچووی نزیکەی (300) ملیۆن دۆلار و لەماوەی (3) ساڵدا دەچێتە بواری جێبەجێکردن، گرێبەستی ڕاوێژکاری کە ئەمڕۆ واژووکرا دەستپێکی ئەم پڕۆژەیەیە و بڕەکەی نزیکەی (30) ملیۆن دۆلارە و ماوەی (77) مانگ دەخایەنێت، ئەم پڕۆژەیە چارەسەری کێشەی ئاوی قوڕس دەکات لە هەولێر بەدروستکردنی هێڵە سەرەکییەکانی ئاوەڕۆی قوڕس بە درێژی (75) کیلۆمەتر، هەروەها دروستکردنی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قوڕس لە دوورایی (11) کیلۆمەتر لە سەنتەری پایتەختەوە کە توانای چارەسەرکردنی (105،000) مەتر سێجای ئاوی قورسی هەیە لە ڕۆژێکدا، بەتەواو بوونی ئەم پڕۆژەیە هەموو مەترسییە تەندروستی و ژینگەییەکان کۆتاییان پێدێت کە لە ئەنجامی رێڕەوی ئەم ئاوەڕۆیە کاریگەرییان لەسەر دەوروبەر و ئاوی ژێرزەویى و کشتوکاڵ دروستکردووە و یەکێک لەگرفتە گەورەکانی شاری هەولێریش چارەسەر دەکات.

1


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز