وه‌زیری شاره‌وانى شێوازی چارەسەركردنی كێشەی گەڕەكی 8ی حەسارۆكی هه‌ولێر ئاشكرا دەكات

ساسان عەونی: حكوومەت پلانی هەیە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی4 دەستپێبكات ئه‌م شوێنانه‌ ده‌گرێته‌وه‌


وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شت و گوزاری هه‌رێم بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كێشەی سەرەكی گەڕەكی هەشتی حەسارۆك لە شاری هەولێر نەبوونی خزمەتگوزاریی نییە و حكوومەت دەتوانێت پڕۆژەی خزمەتگوزاریی وەك دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ و كارەبای بۆ ببات، بەڵكو كێشەكە پەیوەندیی بە نەبوونی پڕۆژەی ئاوە لەو سنوورە و لە رێگەی پڕۆژەی ئیفرازی چوارەوە ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت.

راشیده‌گه‌یه‌نن ، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كێشەی هەشتی حەسارۆك لە شاری هەولێر، كە بەردەوام هاووڵاتییان پرسیار لەبارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەو گەڕەكەوە دەكەن، رایگەیاند: كەرتی هەشتی حەسارۆك، گرفتە سەرەكییەكەی نەبوونی خزمەتگوزاریی نییە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەتوانێت چەندین خزمەتگوزاریی وەك دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ و كارەبای بۆ دابینبكات یان لە رێگەی وەبەرهێنانەوە دەكرێت ئەم بابەتە جێبەجێ بكرێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار نەبوونی پڕۆژەی ئاو بە هۆكاری سەرەكی كێشەكە ناودەبات و دەشڵێت: گرفتی سەرەكی لە كەرتی هەشتی حەسارۆك نەبوونی پڕۆژەی ئاوە بۆ ئەو سنوورە، لەبەر ئەوەی كەرتی هەشتی حەسارۆك لەگەڵ كەرتی هەولێری نوێ، ناوچەیەكی بەرزترە و مەنسوبی ئاوی ژێر زەوی تێیدا نزمە، شارەوانییش ناتوانێت زیاتر بیری ئاوی ژێر زەوی لێ بدات، ئەو كەرتەش زۆر فراوانە و 16 هەزار پارچەی زەویی نیشتەجێی هەیە، بۆیە ناتوانێت ئەو ژمارە زۆرەی بیری ئاوی ژێر زەوی لێ بدات، چونكە ئێستا لە هەولێر 1100 بیری ئاوی ژێر زەوی هەیە، بێجگە لەو بیرانەی بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان لێدراون، یەكێك لە پلانەكانی حكوومەت دەستگرتنە بە ئاو و سوودوەرگرتنی زیاترە لە ئاوی سەر زەوی.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختیش دەكاتەوە لەسەر ئەوەی حكوومەت پلانی هەیە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی چوار دەستپێبكات و ئەم پڕۆژەیەش تایبەت دەبێت بە چارەسەكردنی كێشەی ئاو لەو سنوورە كە كەرتی هەشتی حەسارۆك و هەولێری نوێش دەگرێتەوە و تا ماوەیەكی درێژمەودا گرفتی كەمیی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەكات، بۆیە لەگەڵ دەستپێكردنی ئەم پڕۆژەیە، وێڕای ئەوەی خزمەتگوزارییەكانی دیكەی وەك شەقام و دروستكردنی ئاوەڕۆیان بۆ جێبەجێ دەكرێت، ئەوسا لەلایەن شارەوانییەكانەوە مۆڵەتیان پێ دەدەرێت بۆ ئەوەی خانوو لە سەر زەوییەكانیان دروستبكەن. دەربارەی وادەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئیفرازی چوار، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوار رایگەیاند: بۆ ئەم پڕۆژەیە كۆنتراكت كراوە و هەندێك گرفت ماوە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت، بەڵام سەرۆكایەتیی حكوومەت هاتوونەتە ناو پرسەكە و هەوڵیان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بكەن.

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز