پارێزگاری هەولێر پلانی وەبەرهێنانی 10 ساڵەی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ کرد

پارێزگاری هەولێر له‌گه‌ل دەستەی وەبەرهێنان كۆده‌بێته‌وه‌

ئەمڕۆ سێشەممە 2019.12.10، لەدیوانی پارێزگای هەولێر، بەسەرپەرشتی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و د .محەمەد شوکری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم قایمقام و بەڕێوەبەرایەتی گشتی و فەرمانگەکانی سنوری پارێزگای هەولێر بەمەبەستی خستنە ڕووی نەخشە و پلانی وەبەرهێنانی 10 ساڵەی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

لەکۆبوونەوەکەدا باس لەدیدگای نوێی نەخشەکێشانی 10 ساڵەی وەبەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر ئەوەی کە شاری هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان بەهەموو ناوچەکانییەوە جێگەی بایەخ و گرنگی نێو ئەو نەخشەسازییە دەبێت.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت پێداگیری زیاتربکرێت لەسەر بوژاندنەوەی وەبەرهێنان لە تەواوی ئەو کەرتانەی کە هۆکارن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری هەرێمی کوردستان، وەک کەرتەکانی (پیشەسازی و گەشتگوزار و کشتوکاڵ)، هەروەها پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، بۆ لەمەو دوا لەگەڵ ڕەچاوکردنی گرنگی و بایەخی سنتەری شاری هەولێر، دەبێت ناوچەکانی تری دەرەوەی سەنتەری شاریش گرنگی و بایەخی زۆریان پێبدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش هانی کەرتی تایەت بدرێت و ئاسانکاریان بۆ بکرێت لەگەیاندنی پرۆژەی وەبەرهێنان بۆ ناوچەکان.

لەکۆتایشدا د. محەمەد شوکری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لەلایەن خۆیەوە سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ دروستکردنی ئەو دەرفەتە کە توانی لەنزیکەوە و لەزاری خۆیانەوە گوێبیستی دیدگا و بۆچوونی سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بێت بۆ پرۆژە و نەخشە و پلانی وەبەرهێنانی 10 ساڵەی هەرێمی کوردستان.