ئەمەریكا: پێویسته‌ هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران لە عێراق كۆتایی بێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هه‌لوێستى خۆى راگه‌یاند

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا جارێكی تر جەختی كردەوە لەسەر پێویستیی كۆتاییهێنان بە هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران لە عێراق و هاوكات ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ كۆكردنەوەی رای گشتی نێودەوڵەتی لەدژی ئەو هەڵمەتی كوشتتنی بە ئەنقەستەی لە عێراق هەیە دژبە چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی. 

مۆرگان ئۆرتاگۆس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند" كاتێك خەڵكی بەشێوەیەكی ئاشتییانە ناڕەزایی دەردەبڕن، ئێمە بڕوامان بە ئازادیی دیاریكردنی چارەنوس هەیە بۆیان.

رونیشیكردەوە، كە پێویستە دەوڵەتان رێگە بدەن بە خۆپیشاندەران بۆ ئەوەی بۆچونەكانیان دەرببڕن كە ئەوان خوازیاری حكومەتی نوێ و شەفافیەتن، واشنتۆنیش پشتیوانی لە هەمو ئەو خەڵكانە دەكات لە تەواوی وڵاتانی جیهان بە عێراقیشەوە، چونكە ئەوان دەیانەوێ لێپێچینەوە لەو حكومەتانە بكەن كە پێویست بو چاكسازییان بكردایە و بەرپرسانە مامەڵەیان بكردایە. 

لەئێستادا وادەردەكەوێت كە كوشتن و رفاندنی چالاكوانان لە عێراق بەردەوامیی هەبێت، چەند چالاكوانێكیش ئاماژە بەوە دەكەن كە لە دوایین هەوڵی كوشتن و رفاندندا، چەند چەكدارێكی نەناسراو هەردوو چالاكوان عومەر عامری و سەلمان مەنسورییان رفاندوە دوای ئەوەی گۆڕەپانی تەحریریان لە ناوجەرگەی بەغدا جێهێشتوە و تاوەكو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.