هێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازیی رووسیا كه‌وته‌ خواره‌وه‌

تیمه‌كه‌ی كه‌ له‌ دوو كه‌س پێكهاتبوون گیانیان له‌ده‌ست داوه‌

له‌ ئاكامی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هێلیكۆپته‌رێكی سوپای رووسیا له‌ ناوچه‌ی كراسنۆدار باشووری ئه‌و وڵاته‌ تیمه‌كه‌ی كه‌ له‌ دوو كه‌س پێكهاتبوون، گیانیان له‌ده‌ست دا.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگریی رووسیاوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ نزیك بنكه‌ی ئاسمانیی كۆرینۆڤسك، هێلیكۆپته‌رێكی جۆری Mİ-28N، به‌ هۆی ناله‌باری ره‌وشی كه‌شوهه‌واوه‌ له‌میانی مه‌شقدا كه‌وتووه‌ته‌خواره‌وه‌. له‌و رووداوه‌شدا تیمه‌كه‌ی كه‌ دوو كه‌س بوون گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌ كاتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ ته‌قه‌مه‌نی له‌ناودا نه‌بووه‌، ئه‌وه‌یش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ له‌و شوێنه‌ی كه‌ هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌خواره‌وه‌ هیچ زیانێك نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

باس له‌وه‌یش كرا كه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی هێزه‌كانی ئاسمانیی رووسیا لێكۆلینه‌وه‌یان له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌.