عه‌لی سیستانی: ده‌بێت ئه‌نجامده‌رانی ڕووداوه‌كه‌ی گۆڕه‌پانی وه‌سبه‌ سزابدرێن

نابێت چه‌ك له‌ ده‌ستی گروپه‌كاندا ‌بێت

ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئه‌حمه‌د سافی نوێنه‌ری عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان له‌ عێراق له‌ گوتاری هه‌ینیدا له‌ شاری كه‌ربه‌لا ڕایگه‌یاند: وه‌ك مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان به‌ تووندی ئیدانه‌ی كوشتن و ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ین. 

راشیگه‌یاند: خه‌ڵكی عێراق بۆ ئازادی قوربانییاندا و سوپای عێراق نابێت بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری كوشتاری ده‌ره‌كی. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: چه‌ندین جار داوامان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ك له‌ ده‌ستی حكومه‌تدا بێ و نابێت چه‌ك له‌ ده‌ستی گروپه‌كاندا ‌بێت. 

نوێنه‌ری عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كه‌ی گۆڕه‌پانی وه‌سبه‌ كه‌ تیادا له‌ به‌غدا گه‌نجێك دوای كوژرانی به‌ده‌ستی خۆپیشانده‌ران هه‌ڵده‌واسرێت ڕایگه‌یاند: ده‌بێت ئه‌نجامده‌رانی سزا بدرێن هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ تاوانیان ئه‌نجامداوه‌ سزا بدرێن و ڕووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌.