دوای 63 ڕۆژ له‌ده‌ستگیر كردنی چەکدارانی پەکەکە کادیرێکی پارتی يان ئازاد کرد

تەندروستی ناجێگیرە


دوای زیاتر لە دوو مانگ شوێنبزرکردنی لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە، شەوی ڕابردوو، هاووڵاتی عەبدوڵڵا وەسانی، کادیری پارتی لە سنووری شارەدێی قەسرێی سنووری چۆمان، ئازاد کرا.

جەبار وسو، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی قەسرێی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: دوای زیاتر لە دوو مانگ شەوی ڕابردوو ( عەبدوڵڵا وەسانی) کادیری پارتیمان، کە لەلایەن مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکەوە شوێنبزرکرابوو، ئازاد کرا.

گووتیشی: لەکاتی دەستگیرکردنی (عەبدوڵڵا وەسانی) نەخۆشی دڵی هەبوو، لەو ماوەیەی دەستگیرکرابوو، چەکدارانی پەکەکە لێنەگەڕان هەتا خێزان و خانەوادەکەیشی بیبینن و چارەسەری دەرمانی بۆ ببەن، بۆیە ئێستا گواستراوەتەوە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر و بەهۆی ئەوەی تەندروستی جێگیر نییە، خەریکن پشکنین و چارەسەری بۆ دەکەن.

ڕۆژی 10_10_2019 مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکە، لە گوندی وەسانی سەر بە ناحیەی قەسرێ لە قەزای چۆمان، هەڵدەکوتنە سەر ماڵی (عەبدوڵڵا مستەفا وەسانی) و لەپێش ماڵ و منداڵی و بێ هۆکارێکی دیاریکراو، دەستگیری دەکەن، لەکاتێکدا ئەو کادیرەی پارتی نەخۆشی هەبوو، بەدرێژایی دوو مانگ دەستگیرکردنی چەکدارانی پەکەکە لێنەگەڕاون حەب و دەرمان و چارەسەرییەکانی بگاتە دەستی.

کەریم سمکۆ