بەشێك لە ماددەكانی پرۆژه‌ی چاكسازی پەیوەندارە بە وەزارەتی پێشمەرگە راگه‌یاندرا

له‌به‌شێكى پرۆژه‌ چاكسازیه‌كه‌دا پێداچوونەوە بە خزمەت و خانه‌نشینى پێشمەرگە ده‌كرێت


له‌راگه‌یاندراوێكدا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌  ، بەگوێرەی پرۆژە یاسای چاكسازی یەكەكانی ژمێریاری گشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هەیكەلی وەزارەت و لەیەك یەكەی ژمێریاری رێكدەخرێتەوە، هاوكات وردبینیكردنی لیستی پێشمەرگە و دروستكردنی دۆسییەی كەسی و پێداچونەوە بە خزمەتی پێشمەرگایەتی لە گشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكرێت، لەگەڵ پێداچونەوەو رێكخستنەوەی لیستی سوودمەندانی خانەنشینی كەمئەندامانی پێشمەرگە.

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێم رایده‌گه‌ێنێت ، دوای ئەوەی پرۆژەیاسای (چاكسازی لە خانەنشینینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان) لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرا، بەشێك لەماددەكانی ئەو پرۆژەیاسایە پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە بەتایبەتی ماددەی (9)ی پرۆژە یاساكە كە بەمجۆرە لەچوا بڕگەی ماددەكە باسی لێوە دەكات.
یەكەم: یەكخستنی یەكەكانی ژمێریاری لەگشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێكخراو و رێكنەخراو لە چوارچێوەی هەیكەلیەتی كاروباری پێشمەرگە لە یەك یەكەی ژمێریاری كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەكان (ژمێریاری سەربازی) سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانە.
دووەم: یەكەی ژمێریاری پێویستە لە ژێر وردبینی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان و فەرمانگەی چاودێری دارایی هاتوو لە ماددەی 3 لە یاسای ژمارە 19ی سالی 2007 یاسای وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە و هاوشێوەی هێزە رێكخراوەكانی سەر بە وەزارەتی ناوبراو بێت.
سێیەم: پێویستە وەزیری كاروباری پێشمەرگە دەسەڵاتی تەواو بەپێی یاسا بەركارەكان بدات بە فەرمانگەی چاودێری دارایی سەر بە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە بۆ وردبینیكردنی لیستی پێشمەرگە و دروستكردنی دۆسییەی كەسی بە پێداویستیە یاساییەكانەوە و پێداچونەوە بە خزمەتی پێشمەرگایەتی لە گشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، رێكخراو و رێكنەخراو لە چوارچێوەی هەیكەلیەتی وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی میلاكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ..
شەشەم: پێداچونەوەو رێكخستنەوەی لیستی سوودمەندانی خانەنشینی كەمئەندامانی پێشمەرگە لەبەر رۆشنایی یاسای ژمارە 34ی ساڵی 2007 و هەڵوەشانەوەی خانەنشینی ئەو كەسانەی كە پێچەوانەی یاسای ناوبراو خانەنشین كراون.


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز