نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان لە ئێران ناترسێت، بەڵام رێزی لێدەگرێت

نێچیرڤان بارزانی: له‌ كۆڕبه‌ندی داڤۆس له‌گه‌ڵ مایك پێنس كۆده‌بمه‌وه‌

له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی له‌ دوایین بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ تایبه‌ت دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی  فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كرد. 

نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ساڵێك به‌ر له‌و رووداوه‌ سه‌ردانی كوردستانی كرد و بانگهێشتی كۆشكی سپی كردووم، به‌ڵام تا ئێستا كاته‌كه‌ی دیاری نه‌كراوه‌. 

ئاشكراشی كرد ئه‌مساڵ و له‌ میانی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس کە بڕیاره‌ لە 21 تاوەکو 24ی ئەم مانگە لە سویسرا بەڕێوةبچێت، له‌گه‌ڵ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆببمه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆماری ئه‌مه‌ریكاش به‌شداری كۆڕبه‌نده‌كه‌ بێت بێگومان دیدارمان ده‌بێت. 

سه‌با‌ره‌ت به‌ هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند:، عێراق به‌ گشتی و هەرێمی کوردستان  به‌ تایبه‌تی دەخوازن و بە پێویستیشی دەزانن كه‌ خۆیان لە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەدوور بگرن. 

لەبارەی سەردانەکەی هەفتەی رابردووی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، عەبدولمەهدی لەو باوەڕەدا بووە کە دەبێت ئەمریکییەکان لە عێراق بمێننەوە، بەڵام بۆ شێواز و رێکخستێکی نوێوە، بە تایبەت کە ئێستا فشارێکی زۆر لەسەر حکومەتەکەی هەیە. 

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ هەرێمی کوردستان لە ئێران ناترسێت، بەڵام رێزی لێدەگرێت، نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان كرد و رایگه‌یاند: هێرشە مووشەکییەکە پەیامێکی ئاشکرابوو بۆ هەموو لایەک کە ئێران ئیرادە و توانای ئەوەی هەیە هەر شوێنێکی بوێت لە عێراق بیکاتە ئامانج. نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: سیاسەتی ئەمریکا له‌باره‌ی عێراق تاوەکو ئێستا پەیڕەوی له‌ یەک عێراق، یەک سیاسەت دەکات. 

هەرێمی کوردستانیش هەمان سیاسەتی ئەمریکای هەیە، هاوكات جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووریی لە چوارچێوەی عێراق هەمیشە پێگەیەکی تایبەتی هەیە.