د.بەشیر حەداد: دەزگای سەتەلایەتی کوردستان یەکەم کەناڵی ئاسمانی بوو لە هەرێمی کوردستان دامەزرا

پیرۆزبایی 21 ساڵەی دامەزراندنی دەزگای سەتەلایەتی کوردستان کرد


دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد: رایگەیاند دەزگای سەتەلایەتی کوردستان کە یەکەم کەناڵی ئاسمانی بوو لە هەرێمی کوردستان دامەزرا، رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە گەشەسەندنی بواری میدیا لە هەرێمی کوردستان.

رۆژی یەک شەممە 2020/1/19 دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەیاوەی دکتۆرە مەیادە نەجار ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لەشاری هەولێر سەردانی نوسینگەی سەرەکی دەزگای سەتەلایەتی کوردستانى کرد و پیرۆزبایی 21 ساڵەی دامەزراندنی لە بەڕێوەبەر و رۆژنامەنوسان و کارمەندانی ئەو کەناڵە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

دکتۆر بەشیر حەداد، رایگەیاند دەزگای سەتەلایەتی کوردستان کە یەکەم کەناڵی ئاسمانی بوو لە هەرێمی کوردستان دامەزرا، رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە گەشەسەندنی بواری میدیا لە هەرێمی کوردستان و دەتوانرێت وەکو کەناڵی دایک لە نێوکەناڵە ئاسمانییەکانی باشووری کوردستان ناو ببرێت.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا دەزگای سەتەلایەتی کوردستان لە رابردوودا توانیویەتی بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵانە کارەکانی بکات و پردێکیش بووە لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیان کە خواست و داواکاری هاوڵاتیانی گەیاندووەتە دەسەڵات هیواشی خواست بۆ لەمەودا بەشێوەیەکی چالاکانە تر لەسەر ئەو شێوازی کارکردنەی خۆی بەردەوام بێت.

لەلایەن خۆیەوە کاروان ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای سەتەلایەتی کوردستان، سوپاسی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد و هیواشی خواست بتوانن ئەو ئەرکەی کە وەکو میدیا لەسەر شانیانە جێبەجێی بکەن.