بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - هه‌ولێر وه‌ڵامی مه‌حموود سه‌نگاوی ده‌داته‌وه‌

مه‌حمود سەنگاوی بە شێوەیەکی ناڕەوا و بە ئاستێکی نزم وەک خۆی پەلاماری ئاسایشی دا و ناماقوڵی زۆری كردووه‌


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش – هه‌ولێر، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌ك بۆ مالپه‌ری كوردستان تیڤى نێردراوه‌ ،  وه‌ڵامی مه‌حمود سه‌نگاوی ده‌داته‌وه‌، كه‌ پێشتر ناوبراو  بە شێوەیەکی ناڕەوا و بە ئاستێکی نزمی وەک خۆی پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی دا.


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی هه‌ولێر  رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و وتانه‌ی سه‌نگاوی له‌ چوارچێوه‌ی دۆسیه‌ی تۆمه‌تبارێكه‌ كه‌ له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌كردن به‌ 60 كیلۆ گرام مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركرابوو و له‌ به‌ندیخانه‌ كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه‌.

 ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ تێگه‌یشتنیان هه‌یه‌ بۆ هه‌ست و سۆزی كه‌سوكار و لایه‌نگرانی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ به‌و بازرگانییه‌ تێوه‌گلاوه‌ و ده‌شڵێت ،  دەرگامان کراوەتەوە بۆ هەر جۆرە لێکۆلینەوەیەک کە گومانەکان بڕەوێنێتەوە 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ئاسایشى هه‌ولێر:

وەڵامێکی پێویست بۆ (محمود سەنگاوی) لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش- هەولێرەوە

​چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، محمود سەنگاوی بە شێوەیەکی ناڕەوا و بە ئاستێکی نزمی وەک خۆی پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی دا و ناماقوڵی زۆری دەرهەق بە دڵسۆزان و رۆڵەکانی ئەم گەلە و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە. ئەو وتانەی محمود سەنگاوی پەیوەندیدارە بە دۆسیەی تۆمەتبارێک کە لەسەر مامەلەکردن بە شەست کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستگیر کرابوو و لە بەندیخانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

ئێمە تێگەیشتنمان هەیە بۆ هەست و سۆزی کەسوکار و لایەنگرانی ئەو کەسە کە تێوە گڵاوە بە بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر و دەرگامان کراوەتەوە بۆ هەر جۆرە لێکۆلینەوەیەک کە گومانەکان بڕەوێنێتەوە و لێکۆلینەوەکان لەو بارەیەوە لەگەڵ لایەنە فەرمیە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە.

ئاشکراکردنی ئەم گروپە تاوانبارە دەستکەوتی گەورەیە بۆ پڕۆسەی گەڕان و ئاشکراکردنی ئەو گروپە مافیاییەی دەیانەویت هەرێمی کوردستان بکەنە ناوەندی بازرگانی کردن و ئالودەکردنی هاوڵاتیان بە ماددەی نەگریسی هۆشبەر. دەزانین قاچاخچێتی لە ناو پشێویدا چاڵاک دەبێت، بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە قاچاخچییەکی ناسراوی مەرزەکانی ناوچەی گەرمیان، کە تێوەگڵاوی بازرگانی ڕەش و ئەندامی تۆڕی بازرگانی ناشەرعییە، بەرگری لە تۆری مافیا بکات و لەسەریان بێتە دەنگ و وەرەقەکان تێکەڵی پەیوەندی نێوان حیزبەکان بکات.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە ڕۆڵە دڵسۆزەکانی ئەم گەلە و شەونخوونی و ماندووبوونی زۆر دەکێشن و هەزاران شەهید و بریندارمان داوە تا هاوڵاتیان لە ئارامی و ئاسایشدا بژین و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت لە هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسیەکی تیرۆریستان و مافیاکانی ماددەی هۆشبەر و هاوکاری و پاڵپشتی و دەستخۆشی هاونشتمانیانی دڵسۆز لای ئێمە سەنگی مەحەکە نەک خۆگڤکرندنەوەی شەریکەکانی تاوان و قاچاخچێتی.

دەزگاکەمان بەمافی خۆی دەزانێت لە دژی هەر جۆرە تۆمەتێکی ناڕەوا و ناوزڕاندنێک، بەرامبەر دەزگا و هێزەکانمان، رێکاری یاسایی بگرێتەبەر.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش- هەولێر

 

1