نێچیرڤان بارزانی: دانانی ئاڵای كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جێگای خۆشحاڵی هه‌موو كوردێكه‌

هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان ڕیزگرتنه له‌ هه‌موو كوردێك

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌رێمی كوردستان پێیوایه‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر داوای عێراق هاتوون و بوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان بۆ هه‌موو عێراق پێویسته‌.

ئەمڕۆ هەینی 24-01-2020 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ میدیا كوردییه‌كان لەبارەی سەردانەکەی بۆ داڤۆس ئەنجامدا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق رایگەیاند: هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان لە عێراق روونە، ئێمە پێمانوایە ئەو هێزانە لەسەر داوای عێراق هاتوون بۆ یارمەتیدانی عێراق لە ساڵی 2014ـه‌وە هاتوون.

پێشمان وایە و هەتا ئێستاش وا دەبینین کە مانەوەیان لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێویستە، چونکە تاوەکو ئێستا داعش مەترسییەکی گەورەیە، نەک بۆ کوردستان بەڵکو بۆ هەموو عێراق، لەبەرئەوە ئێمە پێمانوایە دەبێت بمێننەوە تاوەکو ئەوکاتەی هەموو لایەکمان بە قەناعەتەوە دەتوانین بڵێین داعش تەواو بووە.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی له‌ كۆنفراسه‌كه‌ بارودۆخی عێراق و ڕووئیای كوردستانمان بۆ به‌شداربووان ڕوون كرده‌وه‌ و ره‌وشی ناوچه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ به‌شداربووانی كۆڕبه‌ندی داڤۆس باس كرد.

له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا پێزانینی بۆ رۆڵی پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو كه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆته‌ په‌ناگه‌ی په‌نابه‌ران.

نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاند: دانانی ئاڵای كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جێگای خۆشحاڵی هه‌موو كوردێكه‌ و هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان ڕیزگرتنه له‌ هه‌موو كوردێك.