ڤیدیۆ ... پۆلیسی سلێمانى دانپێدانانی تۆمەتبارێك بڵاودەكاتەوە كه‌بەفێڵ پارەی لەئافرەتێك وەرگرتووە

خۆی وەك پزیشك‌و بازرگانی نەوت پێناساندووە


مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە بەفێڵ پارەی لەئافرەتێك وەرگرتووەو خۆی وەك پزیشك‌و بازرگانی نەوت پێناساندووە.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئافرەتێك لەبەشی نەهێشتی تاوان سكاڵای تۆماركرد لەسەر كەسێك كە فێڵی لێكردووەو دەستی بڕیوەو خۆی وەك پزیشك‌و بازرگانی نەوت پێ ناساندووەو بڕی 10 هەزار دۆلاری لێسەندووە كە گوایە كاری پێوە دەكات، دوای ئەوە كەسەكە موبایلی كوژاندۆتەوەو خۆی لێ شاردۆتەوە.

وتیشی، دوای دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەو كۆكردنەوەی زانیاری‌و وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی نەهێشتنی تاوان، توانرا لەبەرواری 2020/1/25 تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێت.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە دوای وردبینیكردنی داتاكانی پۆلیسی سلێمانی دەركەوتووە كە ئەم كەسە پێشتریش بەفێڵ پارەی لەهاوڵاتییەك وەرگرتووە كە گوایە كاسبی پێوە دەكات، بەڵام پارەی ئەو هاوڵاتییەشی خواردووە ، هەروەها بەتۆمەتی هەڕەشەكردن لەڕێی موبایلەوە بەپێی ماددەی 2ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن پێشتر دەستگیركراوە.

پۆلیسی سلێمانى رایده‌گه‌ێنێت ، لەئێستادا تۆمەتبار (أ ، ج ، ج ) دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو بەبڕیاری دادوەر بەندەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

 

 

 

 

شوان عه‌زیز