سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا

ڕۆژی چوارشەممە 5ـی 2ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ماسیۆ توولێر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ڕاسپاردنی سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق و، جەخت لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان و بەدەنگەوەهاتنی داواكاریی خۆپێشاندەران و سەقامگیریی عێراق كرایەوە.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە نزیككردنەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا بەرز نرخاند.

هەر لەو دانیشتنەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوانیان كرایەوە.