ئه‌ڵمانیا.. به‌ به‌شداری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن ده‌ست به‌كاره‌كانی ده‌كات

ئەمڕۆ هەینی

ئەمڕۆ به‌ به‌شداری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن ده‌ست به‌كاره‌كانی ده‌كات. 

له‌ په‌راوێزی یه‌كه‌م رۆژی كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن ئەمڕۆ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات له‌وانه‌ش بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ مایك پۆمپێیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا كۆببێته‌وه‌. 

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی له‌ كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، بڕیاره‌ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ دان برولێتی وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مەریكا و بۆیكۆ بۆریسۆڤ سه‌رۆك وه‌زیرانی بولگاریا و وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا كۆببێته‌وه‌. 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كه‌ لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن چەندین دیداریان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان دەبێت و باس لە قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش و تیرۆر دەکەن کە پێویستی بە هەماهەنگی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هه‌یه‌. 

لە کۆنفرِاسەکەدا هەریەک لە ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و جەستن ترەودۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، بۆ یەکەمجار بەشدار دەبن. 

مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاو نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، هێیکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، مارک روتە، سەرۆک وەزیرانی نێزەرلاندس و چەندین سەرۆک و وەزیرانی دیکە بەشداریی له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا دەکەن. 

كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن ساڵانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تیایدا گه‌وره‌ به‌رپرسان و بڕیاربه‌ده‌ستدانی جیهان كۆده‌بنه‌وه‌ و پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌ ئاسایشی جیهان تاوتوێ ده‌كەن. 

له‌ چه‌ند ساڵی رابردووشدا، مه‌سرور بارزانی یه‌كێك بووه‌ له‌ به‌شداربووانی ئه‌و كۆنفڕانسه و زیاتر لە 500 بڕیاربەدەستی باڵای جیهان لە کۆنفرانسی ئەمساڵی میونشندا بەشداردەبن و باس لە قەیرانەکانی ئێستا و تەگەرەکانی بەردەم ئاسایشی جیهان لە داهاتوو دەکرێت. 

هەروەها باس لە چەمکی "رۆژئاوا" و "رۆژئاوابوون" دەکرێن، ئەو مەترسیانە دەخرێنە بەر باس کە لەسەر ئەوروپا و رۆژئاوا هەیە.