سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ژماره‌یه‌ك دیدارى ئه‌نجامدا



له‌ په‌راوێزی كاره‌كانی یه‌كه‌م رۆژی په‌نجاوشه‌شه‌مین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، مایك پۆمپیۆ كۆبوه‌وه‌.

ئەمڕۆ هەینی 2020/2/14 لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبووەنەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ، دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە تایبەتی لە بواری ئابووری و هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کرا. 

جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و مانەوەو بەردەوامبوونی هێزەکانی ئەمەریکا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر و رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە کرایەوە .

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا . سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە هەر گۆڕانکاریی و پێشهاتێکدا، پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت.