پێدانی قه‌رزی بچووك به‌ گه‌نجان ده‌ستپێده‌كرێته‌وه‌

70 ملیار دینار وه‌ك قه‌رزی بچووك به‌ گه‌نجان دراوه‌

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەداهاتوویەكی نزیكدا دەست دەكەنەوە بەپێدانەوەی قەرزی بچووك بەگەنجان. كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لەڕابردوودا قەرزی بچووك بۆ گەنجان هەبووە كە حه‌فتا ملیار دیناریان پێدراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە، ئێستا لەهەوڵدان ئەو قەرزە بەگەنجان بدەنەوە لەو قەرزەی وەریدەگرنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەیەكیان بەئەنجومەنی وەزیران داوە و ئەوانیش داوای رای داراییان كردووە و داراییش رای ئیجابییان هەیە". ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، دەیانەوێت ئەوانەی لەداهاتوو ئەو قەرزە وەردەگرن پڕۆژەی سەركەوتوو بكەن و هەلی كار دەستەبەر بكەن، بۆیە دوو ۆركشۆپ دەكەن، یەكێكیان شێوازی بەڕێوەبردنی پڕۆژە و پاشان خولی راهێنانی پیشەیی بۆ ئەو گەنجانەی قەرزەكە وەردەگرن. ئارام عومەر، بەڕێوەبەری سندوقی پڕۆژە بچووكەكان لەوەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم ڕایگه‌یاند "تائێستا هەشت هەزار و سه‌د و چل و شه‌ش كەس لەو قەرزە سوودمەند بوون كە حه‌فتا و شه‌ش ملیار دینار دراوە و تائێستاش زیاتر لە چل و دوو ملیار دینار گەڕاوەتەوە، بەپێی خەمڵاندنیان مانگانە یه‌ك ملیار و سه‌د ملیۆن بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.