مه‌كته‌بی سیاسی (PDK) ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان و لاوانى دیموكراتى کوردستان پیرۆز ده‌كات

67 ساڵ به‌سه‌ر دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان تێده‌په‌رێت


مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی شه‌ست و حه‌وت ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان له دوو په‌یامی پیرۆزبایی جیادا‌ پیرۆزبایی له‌ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی لێژنەكانی راپەڕاندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان ده‌كات مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بۆ یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان هاتووه‌ ئەمڕۆ(67)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستانە، یادی پڕشكۆی كاروانێكی دانەبڕاوە لە كار و چالاكی و كۆشش و كۆڵنەدان و رۆژی قوتابیانی کوردستانە، بەم بۆنەیەوە گەرمترین بیرۆزبایی لە ئێو و کادیر و ئەندامانی رێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و تێکڕای قوتابیانی کوردستان دەکەین و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین. 

دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان لە (18شوباتی1953) وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە رەوتی خەباتی گەلەکەمان و بزووتنەوەی قوتابیان، هەروەها وەک یەكەمین مینبەری كۆكەرەوە و رێكخەری توانای توێژی قوتابیانی کوردستان، هەمیشە بەبێ جیاوازی گوزارشتی لە خواست و ویستی پیشەییانە و مافەڕەواكانی قوتابیان كردووە.یەكێتی قوتابیانی كوردستان، وەك پێویستیەكی مێژوویی توێژی قوتابیان بۆ هێنانەدی ئامانجەكانیان دامەزرا و، لەو کاروانە سەركەشەیدا و بە درێژایی مێژووی خەباتی نەپساوەیی و لە رەوتی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەماندا رۆڵێکی باڵا و بەرچاوی گێڕاوە و خاوەن بەرنامە و پلانی دەوڵەمەند و بەرهەمداری خۆی بووە و بە چرای زانست و پێشكەوتن مێژوویەكی شكۆمەندانەی بۆ خۆی و تەواوی توێژی قوتابیان تۆمار كردووە.

دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، بە دەسكەوتێكی دیكەی گرنگ و بایەخداری بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەکەمان دادەنرێ، چونکە توێژی قوتابیان خاوەن سەنگ و هێز و توانایەكی لەبن نەهاتووی پێشكەوتن و شارستانیەتن و نەوە لەدوای نەوەش گەنجینەیەكی بەهاداری خەباتی گەلەكەمان بوون، لەو پێناوەشدا یەكێتـی قوتابیانی كوردستان هەرگیز لە تێكۆشان نەسرەوتووە و قوتابخانەی پێگەیاندنی دەیان سەركردە و كادیری لێوەشاوە و دڵسۆزی گەلەکەمان بووە. 

رۆڵ و بایەخی گرنگی توێژی قوتابیان لە هەموو هەلومەرجێكدا هەستیار و چارەنووسسازە، ئەرکی یەکێتیەکەتانە هەوڵ و كۆششی زیاتر و بەرنامەكانی سەردەمیانەتر برەو پێبدا بۆ خزمەتگەیاندن بە داوا و خواست و ویستەكانی سەرجەم توێژی قوتابیان لەلایەك و بۆ پتەوكردن و قووڵكردنەوەی هەست و گیانی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەریی لەلایەكی دیكەوە.  

لەم یادەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرممان، جارێكی دیكە پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ یەكێتەكەتان و كاروبەرنامەكانتان دووپات دەكەینەوە لە بەدیهێنانی دەسكەوتەكانتان، ئومێدەوارین هەردەم لەئاست چاوەڕوانی و گرنگیی ئەو ئەركە پیرۆزەتان دابن و مایەی متمانەی ئەو توێژە و پێشەنگی بزووتنەوەی پیشەوەرانەی قوتابیان بن بۆ بەرجەستەكردن و بەدەستهێنانی تەواوی مافەكانیان و خزمەتکردنی رەوتی زانست و رۆشنبیری و فێربوون. 

هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان هاتووه‌ بەبۆنەی بیرەوەری (67)ەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، ئەو رێكخراوەی بەدرێژایی كاروانی پڕ بەخشش و تێكۆشانی رۆڵی بەرچاو و كاریگەری بینیوە بۆ بەدیهاتنی دەسكەوتی زیاتر بۆ توێژی هۆشیار و خوێنگەرمی لاوان و كۆمەڵگەكەمان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و سەرجەم کادیر و ئەندامانی رێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و تێکڕای لاوانی ئازیزی کوردستان دەکەین و ھیوای بەردەوامی و نەسرەوتنتان بۆ دەخوازین.توێژی لاوان هەمیشە مایەی ئومێدی گەلەكەمانن، بارزانی نەمر فەرموویەتی((لاوان شوورەی پۆڵایینن بۆ پاراستنی کوردستان)) هەر بۆیەش پێویستە بۆ لەمەودواش بە گیانی لەخۆبردوویی و نیشتیمانپەروەرانە بەپێی هەلومەرجی ئەمڕۆ رۆڵی گرنگ  و پڕ شانازی خۆتان ببینن و، وەك توێژێكی كاریگەر لە ئاست ئەو ئەركەو هەوڵ و كۆششەدابن. 

یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، توانیویەتی وەك رێكخراوێكی گرنگ و ئەكتیڤ كۆكەرەوەی هێز و تواناكانی لاوان بێت و بەپێی بنەما راست و دروستەكانی كاری پیشەیی و خواستەکانی ئەمڕۆی لاوان، بەگوێرەی هەلومەرج و پێداویستییە هەنووكەییەكان، ئەركی خۆی لەو بوارەدا بەجێبێنێ و لە سەر ئاستی نیشتیمانی و دیموكراسی و كۆمەڵایەتیدا پانتایی كار و چالاكییەكانی بەرفراوانتر بكات بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و پرۆگرامەكانی لە رەگداكوتانی كولتوور و رۆشنبیریی رەسەن و برەودان بە نوێگەریی و هاوچەرخێتیی، جگە لەوەی لەسەر ئاستی دەرەوە و جیهانیش رۆڵی شیاوی خۆی بینیوە.  

توێژی لاوان لە نێو توێژە كۆمەڵایەتیەكانی دیكەی كۆمەڵگە و لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیشدا بایەخی خۆی هەبووە و لە ھەر بزاوت و هەڵوێست و داھێنانێکدا و، لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە و بونیادنان و برەودان بە بوارەكانی پەرەپێدان جێدەستیان دیاربووە، هەروەها یەكێتی لاوان لەو رێگایەدا بە دەیان سەركردە و سیاسەتمەدار و كەسایەتی لێهاتووی پێگەیاندووە بۆ مەیدانی خەبات و تێكۆشان. 

جارێكی دیكە وێرای پیرۆزباییمان، پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ یەكێتیەكەتان دووپات دەكەینەوە، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داهاتووش وەك هەمیشە پێشەنگ و بەوپەڕی دڵسۆزی و بەرپرسانە كاروبار و چالاكییەكانتان رابپەڕێنن و هەنگاوی باشتر بنێن و بەرەو پێش بچن بۆ بەدیهێنانی گشت ئامانجەكانتان.