نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ جێمس جێفرى كۆبووه‌وه‌

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان گفتوگۆ كرا

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17/2/2020 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى  سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز جێمس جێفرى، نێرده‌ى تايبه‌تى ئه‌مه‌ريكا بۆ سووريا و شاندێكى ياوه‌رێكى كرد.
 
نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ لێكنزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌ كوردييه‌كان له‌ سووريا به‌رده‌وام ده‌بێت و پشتگيرى له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكيان بۆ ڕێككه‌وتن و يه‌كخستنى ڕيزه‌كانيان ده‌كات له‌پێناو دابينكردنى مافه‌كان و پێگه‌يه‌كى باشتر بۆ كورد له‌ ئێستاى و داهاتووى سووريادا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سووريا و هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى سووريا و گێڕانه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگيرى و ڕاگرتنى شه‌ڕ و كوشتار له‌و وڵاته‌ تاوتوێ كران.
 رۆڵ و ئاماده‌يى و كاريگه‌ريى هێزه‌ هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تييه‌كانيش له‌ سووريا و پێويستيى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان هه‌مووان بۆ دۆزينه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌ى سياسيى ئاشتيانه‌ و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، دووپات كرايه‌وه‌.
له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى تازه‌ى عێراق و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی کوردستان له‌مباره‌یه‌وه خرایه به‌ر باس و تیشک خرایه‌ سه‌ر مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر له‌ عێراق و سووريا و چۆنيه‌تيى ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ى به‌ هاوكاريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى، هه‌روه‌ها باس له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان کرا.