نێچیرڤان بارزانی ساڵیادى دامه‌زراندنى یه‌كێتی قوتابیانى كوردستان پیرۆز ده‌كات

67 ساڵ به‌سه‌ر دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان تێده‌په‌رێت

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كێتی قوتابیانى كوردستان كرد، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌تى:-

بەڕێزان سکرتێرو ئەندامانی سکرتاریەت و بەرپرسانی لقەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان

سڵاوی زانست و خەبات،

بە بۆنەی (٦٧)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانه‌وه‌، گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و تێکڕای ئەندامانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم قوتابیانی ئازیزی کوردستان دەکەم، ئومێدەوارم ئەم یادە هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ زیاتر جۆشدانی خەباتی ڕێکخراوەییتان لەپێناو خواستەکانی قوتابیانی کوردستاندا.

یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و لە پێشەنگەکانی خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەی کۆمەڵگای کوردستانییە و قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و تێکۆشەری دیاری گەلەکەمانە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیماندا بینیوە. 

ڕۆڵی ڕێکخراوەییتان لە خزمەتکردنی خواستەکانی توێژی قوتابیان و بە ئامانج گەیاندنی داواکانیان بە شێوازی مەدەنی و شارستانی بەرز دەنرخێنم، ئێوە ئەرکی گرنگی نیشتیمانی و پیشەییتان لە ئەستۆیە، بەتایبەت لە پێگەیاندنی تاکی هۆشیار و کەسایەتیی سەنگین و توانای دڵسۆز و لێهاتوو بۆ گەلەکەتان، لەگەڵ بەشدارییەکی کارا لە گەشە و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردە لە کوردستاندا بە ڕوانگە و میکانیزمی نوێ کە وەڵامدەرەوەی ڕۆحی سەردەم و پێشکەوتنە خێراکان و خەون و خواستی قوتابیانی کوردستان بێت بۆ پێشکەوتن و نوێبوونەوە و ئاستێکی بەرز و شیاو لە زانست و پەروەردە. گرنگە جێدەستتان بە گۆڕانە ئەرێنی و پێشکەوتنەکانی سیستمی خوێندن و پەروەردەوە دیار بێت و بە دیدگا و بەرنامەی نوێ و سەردەمیانەوە کاری ڕێکخراوەییتان ئاراستە بکەن.

قوتابیان توێژێکی گرنگ و هەستیاری کۆمەڵگان و ئومێدی ئایندەی کۆمەڵگاکەیانن، دەبێ خواست و پێویستیەکانیان بە هەند وەربگیرێن و بایەخی بەردەوام بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی نیشتیمانی و هەستی بەرپرسیارێتی لە گرتنە ئەستۆی ئەرکەکانیان بە دڵسۆزی و لێهاتوویی، بدرێت. 

ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان لەم لایەنەوە ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری بینیوە و چاوەڕوانیم لێتان کار و هەوڵی زیاتری بەردەوامە لەم بوارەدا، لەگەڵ بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەی زیاتری بنەماکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی، لەپێناو ئایندەیەکی پرشنگدار و شکۆداردا بۆ گەل و نیشتیمان. 

بە دڵنیاییەوە، ئێوە لە ئاستی ئەو چاوەڕوانیەدان و متمانەی تەواوم بە دڵسۆزی و توانا و لێهاتووییتان هەیە. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ یەکیتییە تێکۆشەرەکەتان دەخوازم.

بەرز و شکۆدار بێت یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدە نەمرەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان. 

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
   17/2/2020