ئه‌ڵمانیا.. پیلانێكی تیرۆریستی بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر 10 مزگه‌وت پووچه‌ڵكرایه‌وه‌

پولیسی ئه‌ڵمانیا گرووپێكی تیرۆریستی 12 كه‌سی ده‌ستگیركرد

پولیسی ئه‌ڵمانیا گرووپێكی تیرۆریستی 12 كه‌سی ده‌ستگیركرد كه‌ پلانانیان هه‌بووه‌ له‌یه‌ك كاتدا هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر 10 مزگه‌وت له‌ 10 شاری جیاجیای ئه‌ڵمانیا. 

پۆلیس پیلانی ئه‌م گرووپه‌ی پووچه‌ڵكرده‌وه‌ و سه‌رجه‌میان ده‌ستگیركران، له‌ ئه‌نجامی پشكنینی ماڵی تۆمه‌تباران چه‌كی جۆراوجۆر دۆزراوه‌ته‌وه‌و سه‌رجه‌میان هاووڵاتی ئه‌ڵمانین. 

له‌مباره‌یه‌وه‌ وته‌بێژی وه‌زیری ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌ به‌رلین رایانگه‌یاند: زۆر مه‌ترسیداره‌ كه‌ گرووپێكی توندڕه‌وی له‌م چه‌شنه‌ له‌ناو خاكی ئه‌ڵمانیا دۆزراونه‌ته‌وه‌. 

هاوكات شتیڤن سیبرت وته‌بێژی ئه‌نگێلا مێرگێل راوێژكاری ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند: حكوومه‌ت به‌ ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت پارێزگاری له‌ پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ جیاوازه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بكات.