جه‌مال كۆچه‌ر: لە دوو ڕۆژی داهاتوو به‌غدا پاره‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌نێرێت

پارەكەی بەغدا دەخرێتە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم

ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی ئاشكرایدەكات: سەرۆكی راسپێردراوی پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق بەڵینی داوە مووچە و بودجەی هەرێم بی كێشە مانگانە دەنێردرێت، دەشڵێت: "لەماوەی كەمتر لە دوو رۆژی داهاتوو پارەكەی بەغدا دەخرێتە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق به‌ كوردستان تیڤی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ محەمەد عەلاوی لێكتێگەیشتنی باش هەبووە لەبارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناوبراو بەڵێنی داوە مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت".

وتیشی: "هەندێ جار لە سیستمی دارایی عێراق خەرجكردنی پارە دوا دەكەوێت و پێدەچێت تا 25ی ئەم مانگە پارەكەی بەغدا بخرێتە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێم".

هاوكات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردستان تیڤی راگەیاند: "سەرجەم ئەو وەزارەت و دەستە و فەرمانگانەی كە ماون مووچە وەربگرن لە لیستێكدا ئامادەكراون و هەر كاتێك پارەكەی بەغدا بخرێتە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی، راستەوخۆ لیستی مووچەی ئەو شوێنانەی ماون مووچە وەربگرن رادەگەیەندرێت.