ڤایرۆسی کۆرۆنا گه‌یشته‌ نەمساو کرواتیا

یەکەمین حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەمسا و کرواتیا تۆمارکران


ئەندریە بیلینکۆڤچ، سەرۆک وەزیرانی کرواتیا رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە یەکەمین حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی تۆمارکراوە، لەئێستادا لە نەخۆشخانەیەکی زەگرەبی پایتەختی کرواتیا لەژێر چاودێریدایە.

هاوکات فیلی پیرۆس، وەزیری تەندروستی کرواتیا رایگەیاند، نەخۆشەکە هەفتەی رابردوو سەردانی شاری میلانۆ لە هەرێمی لۆمباردی ئیتاڵیای کردوە، کە ڤایرۆسەکە تێیدا بڵاوبوەتەوە.

لە نەمساش بەرپرسانی هەرێمی تیرۆڵ رایانگەیاند، دوو حاڵەتی توشبون لە هەرێمەکەیان تۆمارکراوە، کە دوو هاوڵاتی ئیتاڵین و  پێشتر سەردانی ناوچەی لومباردییان کردوە.

وەزارەتی دەرەوەی کرواتیا ئامۆژگاری هاوڵاتیانیشی کرد کە سەردانی ئیتاڵیا نەکەن، کە تا ئێستا 250 توشبوی ئەو ڤایرۆسە تیایدا تۆمارکراوە، حەوت کەسی دیکەش گیانیانلەدەستداوە، کە زۆرینەی حاڵەتەکانکان لە ناوچەی لۆمباردی و ڤینیتۆ تۆمارکراون.