وەزاره‌تى خوێندنى باڵاى هەرێم هەڵمەتى خۆپاراستن لە ‏ڤایرۆسى کۆرۆنا رادەگەیێنێت

بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسه‌كه‌، وەزارەتى خوێندنى باڵا ژوورێکی ‏عەمەلیات پێکدەهێنێت

وەزاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەپێناو پاراستنى ‏سەلامەتیی ژیانی هاونیشتمانیان، ئەنجوومەنى وەزارەت هەڵمەتى خۆپاراستن لە ‏ڤایرۆسى کۆرۆنا رادەگەیێنێت و تیمە زانستییەکانى زانکۆکانیش هاوکار‏دەبن بۆ هۆشیاریی تەندروستى، راوێژى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوە‎.‎
 
ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەکاتی ‏کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتەکەی و سەرۆکی زانکۆکان و  راگری ‏کۆلێژە پزیشکییەکان رایگەیاند، ناوەندە زانستى و پزیشکییەکانى ‏وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەڵمەتی خۆپاراستن بۆ ‏رووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەشداردەبن‎.‎
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ‏ئەنجوومەنی وەزارەت بۆ رووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر دوو ‏ئاست چەند بڕیارێکى دەرکرد، بڕیارەکانیش بریتین لە:
 
‏1-‏ پێکهێنانى ژوورى عەمەلیاتى سەرەکى لەسەر ئاستى وەزارەت، ‏بە سەرۆکایەتیى وەزیرى خوێندنى باڵا و راوێژکاریی وەزیر، سەرۆکى ‏بۆردى کوردستانى، سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و راگرى ‏کۆلێژە پزیشکییەکانى زانکۆکان‎.‎
 
‏2-‏ دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لە هەموو شارەکان لیژنەى هاوبەش ‏پێکدەهێنن لە کۆلێژەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و زانستە ‏تەندروستییەکان و زانستە بنچینەییە پەیوەندیدارەکان‎.‎
 
‏3-‏ هەموو توانا مرۆییەکانى زانکۆکانمان لە پزیشکان و پسپۆڕان و ‏ئەکادیمییەکان پشتیوانیى وەزارەتى تەندروستى و دامودەزگاکانى ‏تەندروستى دەبن‎.‎
 
‏4-‏ ئەو تیمانەى لە ئاستى شارەکان پێکدێن، هاوکار دەبن لە ‏بڵاوکردنەوەى هۆشیاریی تەندروستى و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى ‏نەخۆشییەکە و پلانى چارەسەر و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و ‏راوێژ و راپۆرتى بەردەوام بۆ پشتیوانیکردنى هەوڵەکانى وەزارەتى ‏تەندروستى‎.‎
 
‏5-‏ هەموو ژێرخانى زانستیى کۆلێژەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و ناوەندەکانی توێژینەوە لەخزمەت ئەم پرۆسەیە دەبن، بەتایبەت ئەو ئامێر و ‏تەکنەلۆجیایانەى کە بۆ دەستنیشانکردنى نەخۆشییەکە سوودیان ‏لێ وەردەگیرێت.