توركیا سنووره‌ وشكانی و ئاوییه‌كانی بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی كۆچبه‌ران به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌ورووپا كرده‌وه‌

دوابه‌دوای ئه‌م هه‌واڵه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ په‌نابه‌ران له‌ توركیاوه‌ به‌ره‌و سنووره‌كانی وڵاتی یۆنان به‌ڕێكه‌وتن

توركیا ده‌رگای سنووره‌كانی به‌ڕووی په‌نابه‌ران بۆ په‌ڕینه‌وه‌یان به‌ره‌و وڵاتانی‌ ئه‌ورووپا ده‌كاته‌وه‌. 

دوابه‌دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی گرژییه‌كانی له‌ ئیدلیبی سووریا به‌رپرسانی توركیا رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌یان سه‌رجه‌م سنووره‌ وشكانی و ده‌ریاییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌رووی په‌نابه‌ران و ئاواره‌كانی جه‌نگ بۆ په‌ڕینه‌وه‌یان به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌ورووپا ده‌كاته‌وه‌. 

ئاژانسی رۆیته‌رز له‌سه‌ر زاری به‌پرسێكی باڵای توركیا بڵاویكرده‌وه‌: ئه‌مڕۆ هه‌ینی حكوومه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا له‌ بڕیارێكیدا كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی پۆلیس و پۆلیسی كه‌ناراوه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سنووره‌كانی كردووه‌، فه‌رمانی پێكردوون كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگری له‌ په‌ڕینه‌وه‌ی په‌نابه‌ر و ئاواره‌كان به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌رووپا نه‌كه‌ن. 

دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ په‌نابه‌ران له‌ توركیاوه‌ به‌ره‌و سنووره‌كانی وڵاتی یۆنان به‌ڕێكه‌وتن. 

به‌پێی رێككه‌وتننامه‌ی ساڵی 2016 كه‌ له‌ نێوان توركیا و یه‌كێتی ئه‌ورووپا واژۆ كراوه‌ ئه‌نقه‌را پابه‌نده‌ به‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر ئه‌و‌ یارمه‌تییه‌ داراییه‌ی كه‌ له‌ یه‌كێتی ئه‌ورووپا وه‌ریده‌گرێت، رێگری له‌ په‌ڕێنه‌وه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ توركیاوه‌ به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌ورووپا بكات. 

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر وڵاتانی ئه‌وروپی هۆشداری تووندیان به‌ حكوومه‌تی توركیا دابوو له‌وه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌رۆدغان سه‌رۆكی توركیا پرسی په‌نابه‌ران وه‌ك كارتێكی گوشار بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ سیاسییه‌كانی، له‌ دژی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌كار دێنێت.