نرخی نه‌وت به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆماركرد

ئه‌مڕۆ له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بۆرسه‌

بانكی ناوەندی ئەوروپا به‌ گوێره‌ی پڕۆگرامێك ‌بڕی 750 ملیار یۆرۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ته‌رخان ده‌كات ئه‌م هه‌نگاوه‌ش نرخی نه‌وتی له‌ بازاڕه‌كانی جیهان به‌رزكرده‌وه‌.

له‌ دوو ڕۆژی ڕابردووشه‌وه‌ نرخی نه‌وت ڕووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كردووه‌ ئه‌مڕۆش نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی برێنت گه‌یشته‌ ئاستی 30 دۆلار. 

ئه‌مڕۆ له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بۆرسه‌ نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی برێنت به‌رێژه‌ی زیاتر له‌ سه‌دا 6 هه‌ڵكشاو به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌رمیلێكی به‌ 30 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا. 

هه‌روه‌ها هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی خاوی ئه‌مه‌ریكی به‌ 27 دۆلار و 56 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراو به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 4.30 له‌ نرخه‌كه‌ی به‌رزبۆوه‌.  

هه‌ڵكشانی نرخی نه‌وت دوای بڕیارێكی بانكی ناوەندی ئەوروپا دێت كاتێك لە بەیاننامەیەكیدا ڕایگه‌یاند، بەرنامەیەك به‌بڕی 750 ملیار یۆرۆ بۆ كڕینی سه‌نه‌داتی گشتی و تایبەت دەخاتەڕوو، بۆ پاڵپشتی دانیشتووانی ناوچەی یۆرۆ.