ئاسایشی سلێمانی؛ گەنجێكیان دەستگیركرد گاڵتەی بە هێڵی گەرمی 122 كردووە

گوایە لە ئێران هاتۆتەوە هەمان كەس خۆی كردووە بە ژن


ئاسایشی سلێمانی كەسێك دەستگیر دەكات كە بۆ گاڵتەپێكردن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 122ی تەندروستییەوە كردووە.

بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندووە، لە لایەن هێزەكانیانەوە گەنجێكیان دەستگیركرد، كە گاڵتەی بەهێڵی گەرمی 122 كردووە.

ڕاشیگەیاندووە، شەوی 24ی ئەم مانگە گەنجێكی دانیشتووی دوكان پەیوەندی بەهێڵی گەرمی تەندروستی ژمارە 122 وە كردووە ، كە گوایە لە ئێران هاتۆتەوە و هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە و پاش بەدەنگەوەچوونی كارمەندانی تەندروستی و كە پەیوەندی پێوەدەكەنەوە هەمان كەس خۆی كردووە بە ژن.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئاماژەبەوەكراوە، دوای ئاگاداركردنەوەی ئاسایش لەلایەن هێڵی گەرمی 122 و بە بڕیاری دادوەر كەسی ناوبراو دەستگیركرا بە ماددەی دووی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ناوبراو دانی بەتاوانەكەیدا ناوە و پەشیمانی دەربڕیوە و داوای لێبوردنی لەكارمەندانی تەندروستی كرد و داوایكردووە كەس ئەو كارە قێزەوەنە دووبارە نەكاتەوە.

شایه‌نی باسه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی راگه‌یه‌ندراوێكی ئاراسته‌ی هاووڵاتیان كرد هه‌ر كه‌سێ به‌ گاڵته‌ به‌ په‌یوه‌ندی به‌ 122 بكات رێكاری یاسایی ده‌گرێته‌ به‌ر.