ژیانى نەخۆشێک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵات لە مردن ڕزگارکرا  

132 حەبی خواردبوو

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند،"نەخۆشێک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵات ژیانی لە مردن ڕزگارکرا.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند،"لە 29ی 3ی 2020 نەخۆشێک سەردانی فریاکەوتنی کرد کە 100 حەبی میتفۆڕمینی 500 ملگم و 32 حەبی ئەماریل(گلامیپراید) 2 ملگم-ی بە مەبەست خواردبوو. باری ناجێگیر بوو، كه‌ بووە هۆی ژەهراوی بوون بەدەرمان و دابەزینی شەکری ناوخوێن و ترشاندنی خوێن و پەککەوتنی لە ناکاوی گورچیلەکانی.

لەو بارەیەوە د. هێرش قادر دەربەندی، پزیشکی نیشتەجێی دێرینی نەخۆشیەکانی هەناو رایگەیاندوە،"بە پەلە چارەسەری بۆ کرا و خەوێنرا لە فریاکەوتنی ڕۆژهەڵاتی هەولێر و دوای پێنج ڕۆژ مانەوەی لە یەکەی چاودێری چڕ و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ورد بە باری تەواو جێگیری و باشەوە دەرچوێنرا لە نەخۆشخانە و ژیانی ڕزگارکرا.

وتیشی،"چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشە، کە حالەتێکی دەگمەنە ئەو دوو دەرمانە پێکەوە بەو بڕە زۆرە وەربگیردرێت، بە هەماهەنگی و ماندوبونی تەواوی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پزیشکانی پسپۆر و نیشتەجێی دێرینی بواری هەناوی و فریاکەوتن و تەواوی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی بووە.