Erbil 15°C سێشەممە 19 ئازار 17:05

وەزیری ناوخۆ رێنمایی نوێى لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ راگه‌یاند 

وەزیری ناوخۆ: قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی تاوەکو 12:00ـی شەو بەردەوام دەبێت
کوردستان TV
100%

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمشەو رێنمایی نوێ لەبارەی قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ رادەگەیەنن و داواش لە هاوڵاتیان دەکات لە کاتی هاتنەدەرەوەیاندا دەستکێش و دەمامک وەکو دو هۆکاری خۆپارێزی بەرامبەر کۆرۆنا بەکاربهێنن.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ لە کاتژمێر شەشی ئێوارە تاوەکو کاتژمێر 12ی شەو وەکو ئێستا بەردەوام دەبێت، بەدەر لەو وادەیەش پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان سەرپشک کراون کاری هاوڵاتیان رێکبخەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە ئەمشەو پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان رێنمایی نوێ بۆ هاوکاری هاوڵاتیان و پەیڕەوکردنی رێنماییەکان بڵاوبکەنەوە، بەجۆرێک کاری بازرگانی، مارکێت و نانەواخانەکان رێکدەخرێننەوە و ئەوانەی سەرپێچی رێنماییەکان دەکەن سزا دەدرێن.

وەزیری ناوخۆ لەبارەی کێشەی ئەو پزیشکەی ئەمڕۆ لە سلێمانی لەلایەن کارمەندێکی هێزەکانی ناوخۆ توشی گرژی بون باسی لەوەکرد، داوایان لە پارێزگاری سلێمانی کردوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پرسە پێکبهێنێت و لەماوەیەکی کەمدا ئەنجامەکەی بۆ رایگشتی ئاشکرابکات، "داواش لە هێزەکانی ناوخۆ و کارمەندانی تەندروستی دەکەم پشودرێژبن چونکە وەکو دەزانن هەمومان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لە ئەرکداین".
 
لەبارەی ئەو هاونیشتمانییانەی بەهۆی بەشداریکردن لە پرسەیەکی گەڕەکی کارێزان تووشی کۆرۆنا بوون، وەزیری ناوخۆ دەڵێت، ئەو کەسانە پێچەوانەی رێنماییەکان پرسەیان دانابوون، "داوامان لە پارێزگای هەولێر کرد ئەوانەی لەو پرسەیە تووشبوون کاتێک چاکدەبنەوە دەبێت سزا بدرێن، چونکە سەرپێچییان کردووە". هاوکات بەو هۆیەوە 67 کەس لەو گەڕەکە تووشی کۆرۆنا بوون "ئەو کەسەی لە سیدەکانیش بوون هەر لەو پرسەیە بووە". 
 
رێبەر ئەحمەد داواش لە هاونیشتمانییان دەکات کەلوپەل لە خۆیان گران نەکەن و شت تەنها بەشی خۆیان بکڕن، "تاوەکو شەش مانگی دیکەش کێشەی خۆراک و کەلوپەلمان نابێت. سبەینێ کە هەڵدەستن ژیان ئاساییە و قەرەباڵخی دروست مەکەن". 
 
وەزیری ناوخۆ داوای لە خاوەن سوپەرمارکێتەکان کرد هاوکاری خەڵکی بکەن و دەڵێت، "ئێستا کاتی مرۆڤدۆستییە". 

ktv

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.