نرخی نه‌وتی خاوی برێنت گه‌یشته‌ 34،08 دۆلارو هه‌شت سه‌نت

له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆماركرد

به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ به‌م نزیكانه‌ ئۆپێك + به‌رهه‌مهێنه‌رانی سه‌ربه‌خۆ سه‌باره‌ت به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنان بگه‌ن به‌ رێككه‌وتن، نرخی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا، به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆماركرد و هه‌ر به‌رمیلێكی به‌ ٣٤ دۆلار و هه‌شت سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

بڕیاربوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئۆپێك + به‌رهه‌مهێنه‌رانی سه‌ربه‌خۆ له‌ شه‌شی ئه‌م مانگه‌ سازبكرێت، به‌ڵام دوێنێ دووشه‌ممه‌ گوته‌بێژی كرملین، دمیتری پێسكۆڤ رایگه‌یاندبوو كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ نۆی ئه‌م مانگه‌ دواخراوه‌.

پێشتر سه‌رۆكی سندوقی وه‌به‌رھێنانه‌ راسته‌وخۆكان له‌ رووسیا، كیریڵ دمیتریێڤ ئاشكرایكردبوو كه‌ وڵاته‌كه‌ی و سعوودیه‌ زۆر نزیكن له‌ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی نه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیری له‌ بازاڕه‌كاندا به‌رقه‌راربێت.

له‌ كاتژمێر ٠٧:٠٨ نرخی یه‌ك به‌رمیل خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا، به‌ڕێژه‌ی ٣،١٥ له‌سه‌دا به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆماركرد و هه‌ر به‌رمیلێكی به‌ ٣٤ دۆلار و هه‌شت سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.

هاوكات نرخی یه‌ك به‌رمیل خاوی رۆژئاوای تێكساس، به‌ڕێژه‌ی ٣،٨١ له‌سه‌دا رووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كرد و گه‌یشته‌ ٢٧ دۆلار و هه‌شت سه‌نت.