وەزارەتی پێشمەرگە هێرشه‌ تیرۆریسته‌كه‌ی داعش ئیدانه‌ ده‌كات

هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە


وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ شەوی داعش بۆ سەرسه‌نگه‌ره‌كانی سەر بە لیوای پێنجی پیادە بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوێکی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە


شەوی رابردوو لە ئەنجامی پەلامارێکی ترسنۆکانەی تاریک پەرستان و تیرۆریستانی
داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لە شارۆچكەی كوڵەجۆ لەسنوری گەرمیان، لەساتی راوەدونان و  بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای پێنجی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (ئیسماعیل فارس رەسول، سوركێو حەمە رەشید ) شەهیدبوون.

پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی شەوی رابردووی كوڵەجۆ دەكەین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمانیان بۆ دووپاتدەكەینەوە.

بە خەڵكی كوردستان رادەگەینین، وێڕای ناهەمواری بارودۆخی هەرێمەكەمان و خراپی دۆخەكە بەهۆی پەتای كۆڕۆناوە، بەڵام وەك هەمیشە، هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لەخاك و خەڵكی كوردستان.

لەكاتێكدا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆرێكخستنەوەی شانە نووستووەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم كارە چەپەڵ و ترسنۆكانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بە بازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەكەینەوە، ئەمەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش و سوپای عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بەداعش.

نەمری بۆ شەهیدان

سەربەرزی بۆ خانەوادەكانیان

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان