سوپای عێراق ئۆپه‌ڕاسیۆنێكی فراوان له‌ پارێزگاكانی ئه‌نباڕ و نه‌ینه‌وا ئه‌نجامده‌دات

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ئۆپه‌ڕاسیۆنەكە ده‌ستیپێكرد

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی رایگه‌یاند به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چه‌كداره‌ تیرۆرسته‌كانی سه‌ر به‌ داعش‌ و ئاشكراكردنی پێگه‌ و باره‌گاكانی سه‌ر به‌م رێكخراوه‌، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ئۆپه‌ڕاسیۆنێكی سه‌ربازی فراوان له‌ پارێزگاكانی ئه‌نباڕ و نه‌ینه‌وا ده‌ستیپێكرد. 

ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ راشیگه‌یاند: ئامانج له‌م ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌، خاوێنكردنه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی فراوانه‌ له‌ بیابانه‌كانی پارێزگای ئه‌نباڕ له‌ به‌شی رۆژئاوای عێراق و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ چه‌كدارانی تیرۆرستی سه‌ر به‌ داعش كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ سوودیان له‌ بۆشایی ئه‌منی ئه‌م ناوچانه‌ وه‌رگرتووه‌ و جموجۆڵه‌ چه‌كدارییه‌كانیان زیادی كردووه‌. 

ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌كه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی لیوای روكن قاسم محه‌مه‌د فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌كانی جه‌زیره‌ له‌ چوار میحوه‌ره‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵی و حه‌شدی عه‌شائیری به‌ هاوكاری و پاڵپشتی فڕۆكه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای عێراق و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان.