13 كه‌سى تر له‌ هه‌رێمى كوردستان تووشى كۆرۆنا بوون

وەزارەتی تەندروستی ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای لە 24 کاتژمێری رابردووى بڵاوکردەوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای لە 24 كاتژمێرى رابردوودا بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە کۆی هەزار و 239 پشکنین، 13 کەس تووشی کۆرۆنا بوون. 

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا کە راگەیێندراوی ژمارە 46ـە لەبارەی تووشبووان هاتووە، نۆ کەسیان لە هەولێرن و چوار کەسیان لە سلێمانین. 

تووشبووەکانی هەولێر پێنج ئافرەت، سێ پیاو و منداڵێکی نۆ ساڵ ـن. ئەوانەی سلێمانیش سێ پیاو و ئافرەتێکن کە دانیشتووی قەزای چەمچەماڵن. 

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 324 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 134 کەسیان چاکبوونەتەوە و سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە. 

وەزارەتی تەندروستیی جەختدەکاتەوە کە هاونیشتمانییان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان و قەدەخەی هاتووچۆ بن "بەهیچ شێوەیەک لە ماڵەکانتان مەیەنە دەرەوە و پابەند بن بە رێنماییەکانی تەندروستی". 

 

دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی:

 

ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی 

ژمارە (٤٦)

 

سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان،  ڕێکارەکان بەردەوامن بەم شێوەیە:

 

1. کەرەنتین

 

ژمارەی هاووڵاتیان لە کەڕەنتینەکان (٦٨٣١) هاووڵاتی بوون لە (٣٤) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (١٣٠٠) هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە (٧٥٤) لە هەولێر، (٥١) لە سلێمانی، (٤٠٨) لە دهۆك، (٤٨) لە هەلەبجە، (٩) لە گەرمیان، (٢٢) لە ڕاپەرین، (٨) کۆیە وە (٥٥٣١) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو (١٢) هاووڵاتی.

 

2. پشکنین 

 

لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو (١٢٣٩) پشکنین ئەنجام دراوە، (٨١٤) هەولێر، (١٨٤) سلێمانی، (٢٤١) دهۆك.

دەرەنجام (١٣) تووشبووی نوێ تۆمارکرا وە بەم شێوەیەی خوارەوە:-

 

• پارێزگای هەولێر (٩) پۆزەتیڤ، (٥) ئافرەت تەمەنیان (٤٢)، (٣٦)، (٢٦)، (١٧)، (١٣) ساڵ و (٣) پیاو تەمەنیان (٥٠)، (٤٢)، (٣٥) ساڵ و منداڵێك تەمەن (٩) ساڵ کە دانیشتووی گەرەکەکانی (شێخ احمد، مامۆستایان، گۆندی کۆری) وە هەموویان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون،  حەوت لەوان بەرکەوتەی تووشبووانی پرسەکانی ماتەمینی گەرەکی کارێزانن.

• پارێزگای سلێمانی (٤) پۆزەتیڤ، (٣) پیاو تەمەنیان (٢٤)، (٢٢)، (١٨) ساڵ و ئافرەتێك تەمەن (٤٣) ساڵ کە دانیشتووی قەزای چەمچەماڵن و بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون.

 

3. ئاماری گشتی

کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەشتە (٣٢٤) تووشبوو،  لەنێویاندا (٣) مردن هەیە و (١٣٤) نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

 

وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان جارێکی تر تکا دەکەین هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان وە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢). 

 

 وەزارەتی تەندروستی               

حکومەتی هەرێمی کوردستان

       ١٠ی نیسانی٢٠٢٠