نرخی یەک بەرمیل نه‌وتى خاوی برێنت به‌‌‌ 29 دۆلار و 51 سه‌نته‌

جارێكی تر نه‌وت دابه‌زیه‌وه


- به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نه‌وتی عه‌مبارکراو لە ئه‌مریكا و بوونی نیگه‌رانیی له‌باره‌ی شه‌پۆلی دووه‌می ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (Covid-19)، نرخی نه‌وت له‌ جیهاندا دابه‌زیوه‌.


نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، به‌‌‌ ٢٩ دۆلار و ٥١ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

دوێنێ نرخی خاوی برێنت گه‌یشته‌ ٣٠ دۆلار و ٧٣ سه‌نت و رۆژه‌كه‌ی به‌ ٢٩ دۆلار و ٩٨ سه‌نت ته‌واوكرد. ئه‌مڕۆش له‌ كاتژمێر ٠٩:٢٩ه‌وه،‌ نرخه‌كه‌ی به‌راورد به‌ كاتی داخستنی بازاڕ به‌ڕێژه‌ی ‌سه‌دا ١،٥١ دابه‌زیوه‌ و به‌ ٢٩ دۆلار و ٥١ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.

له‌هه‌مان كاتدا نرخی یه‌ك به‌رمیل خاوی رۆژئاوای تێكساس (WTI)، به‌ ٢٥ دۆلار و ٥٩ سه‌نت كڕیاری هه‌بوو.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یمانگای نه‌وتی ئه‌مریكا (API)‌، نه‌وتی خاوی عه‌مبارکراو لە ئه‌مریكا‌ له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا، حه‌وت ملیۆن و ٦٠٠ هه‌زار به‌رمیل زیادی كردووە و به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ ٥٢٦ ملیۆن و ٢٠٠ هه‌زار به‌رمیل.

به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نه‌وتی عه‌مبارکراو لە ئه‌مریكا و بوونی نیگه‌رانیی له‌باره‌ی شه‌پۆلی دووه‌می ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (Covid-19)، نرخی نه‌وت له‌ جیهاندا دابه‌زیوه‌.

پسپۆڕان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ راگه‌یاندنی هه‌ندێ وڵات له‌باره‌ی زیاتر كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، هۆكاری رێگریكردنه‌ له‌وه‌ی نرخی نه‌وت زۆر زیاتر دابه‌زێت.

سعوودیه‌ رایگه‌یاندبوو كه‌ وه‌ك زیاده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵمه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌ له‌ یەکی ئایاره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، یه‌ك ملیۆن بەر‌میلی دیكه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌، هاوكات هه‌ندێک له‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانی دیكه‌ش ئاشكرایانكردبوو كه‌ هه‌نگاوی هاوشێوه‌ ده‌گرنه‌به‌ر.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كاندا به‌گوێره‌ی ئه‌و راپۆرته‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌مڕۆ ئۆپیك بڵاوی ده‌كاته‌وه‌ و زانیارییه‌كانی مانگی نیسان له‌خۆ ده‌گرێت.

ره‌نگه‌ لەڕووی تەکنیکییەوە، خاوی برێنت لەنێوان ٢٩ دۆلار و ٥٥ سه‌نت بۆ ٢٩ دۆلار و ٨٣ سه‌نت بەرهەڵستی بنوێنێت و نرخه‌كه‌ی له‌نێوان ٢٩ دۆلار و ٢٧ سه‌نت بۆ ٢٨ دۆلار و ٩٩ سه‌نت بمێنێته‌وه‌.