به‌هۆی به‌سه‌رچونی ماوه‌كه‌ی و نه‌شیاوی بۆ خواردن ده‌ست به‌سه‌ر (600) كیلۆگرام چه‌ره‌سدا گیرا

چه‌ره‌سه‌كه‌ له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی ریكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌


به‌هۆی به‌سه‌رچونی ماوه‌كه‌ی و نه‌شیاوی بۆ خواردن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر چه‌ره‌سدا ده‌گرن.

به‌روار محمد، سه‌رۆكی لیژنه‌ی بازاڕی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: به‌هۆی به‌سه‌رچونی ماوه‌كه‌ی و نه‌شیاوی بۆ خواردن و به‌كارهێنان، لیژنه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر زیاتر له‌ (600) كیلۆگرام چه‌ره‌س له‌جۆری ناوكه‌ شوتیدا گرتوه‌ كه‌ گومان ده‌كرێت خاوه‌نه‌كه‌ی به‌شێوه‌ی هه‌ڵڕژاو و له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ و ده‌ستگێڕ ساغیبكاته‌وه‌.

وتیشی: ئه‌م چه‌ره‌سه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ ماوه‌ی دوساڵ زیاترە‌ به‌سه‌رچوه‌ و رێنماییه‌ ته‌ندورستیه‌كان جه‌خت له‌ نه‌خواردن و به‌كارنه‌هێنانی ئه‌و خوارده‌مه‌نیانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ماوه‌یان به‌سه‌ر چووه‌ چونكه‌ به‌های خۆراكیی له‌ده‌ست ده‌ن و زیان به‌ ته‌ندروستی هاوڵاتان ده‌گه‌یه‌نن.

رونیكرده‌وه‌: به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقی، چه‌ره‌س له‌ گوێنیه‌دا به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی ‌پله‌ی گه‌رمی نێوان (21‌ بۆ 25) پله‌ی سه‌دی زیاتر نه‌بێت هه‌روه‌ها شوێنه‌كه‌ گونجاو بێت و رێژه‌ی شێی به‌رزنه‌بێت ئینجا ده‌توانرێت ته‌نها بۆ شه‌ش مانگ عه‌مبار بكرێت چونكه‌ به‌خیرایی كه‌ڕو و به‌كتریا تیایدا گه‌شه‌ ده‌كات.

سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ داوای له‌ هاوڵاتیان كرد، له‌كاتی بازاڕكردن به‌وریاییه‌كه‌ی زیاتره‌وه‌ پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌یان بكڕن و له‌كاتی هه‌بونی گومان یان بینینی كاڵاوشمه‌كی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچو، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌ڕێی ژماره‌ (07708677777) ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد: به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ته‌واوی چه‌ره‌سه‌كه‌ له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی ریكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.