دوا شەو وەک دوافێرژنی درامای کوردی

(ڕەخنەی دراما لەنێوان لۆژیکی عەقڵ و سۆزدا)

بەشی یەکەم (ڕەخنەی دراما لەنێوان لۆژیکی عەقڵ و سۆزدا)
گومان لەوەدایە نییە بوونی دوو درامای کوردی لەم سات و کاتەدا کە ماوەی چەند ساڵێکە درامای کوردی لەو نێوەندە وونەو ئامادەیی پێویستی نییە، کارێکی یەکجار ئەرێنییەو دەسپێکێکی باشە بۆ دووبارە دەسپێکردنەوەی ئەم کاروانەو بونیاتنانەوەی درامای کوردی بەپێی خواست و ستانداردی سەردەم کە گۆڕانێکی یەکجار زۆری بەسەردا ھاتووە، بۆیە ھەموو ئەو قسانەی کە لەم ماوەیەدا لەسەر ھەردوو درامای (دواشەو ، بەختەباران) دەکرێن، ھیچ ئاماژەیەک دروست ناکات ئاخۆ ئەم دوو درامایە ئەوەندە باش و کاریگەرن بۆیە خەڵک بەو شێوەیە قسەیان لەسەر دەکات، یاخود ئەو درامایانە زۆر خراپ و پەرپووتن بۆیە کەوتونەتە بەر لێشاوی ڕەخنەی بێشورماری بینەرو وەرگر و بەشێک لە ڕەخنەگرانی بواری شانۆو دراما، ئەم تەوژمە دەرەنجامی ئەو بۆشاییەیە کە نەبوونی درامای کوردی بۆ ماوەی چەند ساڵێک دروستیکردووە، گەڕانەوەی درامای کوردیش وەک دیاردەیەکی جیاواز لە رێگەی ئەم دوو درامایە بۆتە فاکتەری ئەو ھەموو قسەیەی کە لەسەر ئەم دوو درامایە کراوەو دەکرێت و بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاستی دراماکانەوە نییە.
پاش ئەوەی ئەم دوو درامایە دەستی بە پەخش کرد، دوو جۆر پەرچەکردارو سەرنج و ڕەخنە لەسەر دراماکان دروست بوو، لایەکیان بە ڕاشکاوی قسەیان لەسەر دراماکە کردو پێیان وابوو کە ئەم دوو درامایە کێشەی زۆریان ھەیەو دەبێ ڕەخنە بکرێن، بەتایبەتیش درامای دوا شەوی کارۆخ ئیبراھیم، لایەنەکەی تر پێیانوابوو ئەمە درامای کوردییەو پێویستی بە پشتگیری و ھاندان و دەستخۆشی ھەیەو دەبێ ھەرچۆنێک بێت پشتیوانیان لێبکەین و ڕەخنەکانیشمان بەشێوەیەک لە شێوەکان ھەڵگرین بۆ قۆناغی دوای دروستبوونی درامای کوردی  بۆ ئەوەی بەردەوامییان ھەبێت و نابێ ڕاشکاوانەو بەتووندی ڕەخنەیان لێبگرین و دەبێ لە جێگەی ئەوە دەسخۆشیان لێبکەین و ستایشیان بکەین.
مرۆڤ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەر بەر دوو لۆژیک دەکەوێت، یەکەمیان لۆژیکی عەقڵ و لێکدانەوەی ھەموو دیاردەو پێشھاتەکانە لە ڕێگەی عەقڵ و توانا لۆژیکییەکانی عەقڵ کە پشت بە زانست و واقیع و  مەعریفە دەبەستێت، دووەمیان لۆژیکی سۆزە کە وامانلێدەکات لەبەر ھەندێ ئیعتیبار بە سۆزەوە، لەڕێگەی ئیحساسەکانەوە لەو پرسە بڕوانین و بەدەر لە لۆژیکی عەقڵ و مەعریفە بەر ئەو پێشھاتانە بکەوین، بۆ نمونە چونکە ئەو درامایە کوردییە، دەبێ وەک کوردێک سۆزمان بۆی ھەبێت و چاو لە کەڵێنەکانی بپۆشین و ھەوڵدەین وەک بەشێک لە پڕۆسەی نەتەوەیی بوون و کورد بوون ستایشی ئەو درامایە بکەین و پشتیوانی بکەین، کێشە نییە ئەو درامایە لەڕووی لۆژیک و عەقڵ و مەعریفەو  سەنعەتەوە چەند کێشەی ھەیە، مادام کوردییە ئیتر ئەوەندە بەسە.
نایشارمەوە ئەم دیدگا ئیحساسییە لە بۆشاییەوە نەھاتووە، ئێمە چەندین ساڵە بە بیانووی ئەوەی حکومەتەکەمان کوردییەو دەبێ پشتگیری بکەین و لەسەر راست و نوشست دەسخۆشی لێبکەین، حکومڕانی کوردیمان گەیاندە بنبەستێک کە سەختە لێی دەرباز بێت و لە جێگەی حکومڕانییەکی عەقڵانی و مەعریفی و دادپەروەر، خراپترین جۆری حکومڕانییمان دروستکردو بووین بە دەروازەیەک بۆ دەیان وسەدان کەس کە لەسەر قووتی ئەم خەڵکە ببن بە ملیاردێر و خەڵکیش رۆژ بە رۆژ خۆزگە بە دوێنی بخوازێت، لەبەر ئەوەی بە لۆژیکی سۆزو کوردییبوونەوە تەماشامان کردو ووتمان ئەمە کوردییەو نابێ بەر رەخنەی بدەین و دەبێ پشتیوانی بکەین، بیرمان چوو کە پشتیوانی کردنی ھەر پڕۆسەیەک، چاککردنی کەموکوڕییەکانیەتی، ئەمەش تەنھا لە مامەڵەی لۆژیکی و عەقڵانی و موعریفییەوە بەدی دێت کە لە رێگەی رەخنەوە دروست دەبێت، رەخنە دەتوانێت تەمەنی ھەر پرۆسەیەک درێژ بکاتەوە چونکە رێگری دەکات لە تەشەنەسەندنی کەلێنەکان و چارەیان بۆ دەدۆزێتەوە. 
ئێستا لە دراماشدا دەمانەوێت بە ھەمان لۆژیک بەر درامای کوردی بکەوین و بە پیرۆزی سەیری درامای کوردی بکەین وەک ئەوەی بە پیرۆزی سەیری حوکمڕانی کوردییمان کرد، مەعلومیشە ئەو رَیگایە بەرەو کوێی بردین و ئەگەر بە ھەمان لۆژیکیش مامەڵە لەگەل درامای کوردی بکەین، ئەوە دڵنیا بن دەرەنجامەکەی زۆر لەوەش خراپتر دەبێت و ھەڵدیرێکی گەورە چاوەڕێمانە، کە ئیتر فۆرمێک نامێنێت پێیبووترێت درامای کوردی، بۆیە من پێموایە ستافی ئەو دوو درامایەو بە تایبەتیش درامای دواشەو کە زیاتر بەر ڕەخنە کەوتووە، دەبێ زۆر سوپاسگوزار و خۆشحاڵ بن بەو تەوژمە ڕەخنەییەو ھەوڵبدەن بەدواداچوون و پێداچوونەوە بە دیدگاکانیان و کەموکوڕییەکانیان بکەن و ئەم ھەموو بۆچوونانە بە ھەند وەربگرن و ئەو خەڵکەش کە بەڕاشکاوی ڕەخنە دەگرێت،بە دۆست و خەمخۆری خۆیان و درامای کوردی بزانن و واز لە لۆژیکی موئامەرەو ناحەزی بێنن کە ھەمیشە کورد شکستەکانی خۆی پێ ھەڵدەواسێت، لە بەرامبەریشدا قێز لەو ستایش و پیاھەڵدانە نا لۆژیکی و نامەعریفییانە بکەنەوە کە لەسەر بونیادی سۆزو عاتیفە دروستکراون و دەیانەوێت درامای کوردی لەسەر ئەو ستایلە بەردەوام بێت تا بە دەردی حکومەتی کوردی بچێت و متمانەی ھەمووان لە دەست بدات، کوردیش دەمێکە گوتوویەتی دۆست ئەوە نییە دەتخاتە پێکەنین، بەڵکو ئەوەیە کە  راستیەکانت پێدەلێت و دەتخاتە گریان. (ماویەتی)
ن/ حەمە سوار عەزیز