د.بەشیر حەداد: رێگە بەهەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەز بازی لە عێراق نادەین

هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەز بازی لە بەغدا بریندارکردنى هەستی کۆمەڵگەی عێراقییە

 له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌ك بۆ مالپه‌ری كوردستان تیڤى نێردراوه‌ ، نووسینگه‌ى جێگری سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی ئیدانەی هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەز بازی لەسەر باڵەخانەی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا دەکات و رایدەگەیەنێت ئەوان دژی کارێکی لەو شێوەیەن و رێگەی پێنادەن.

دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کارەی نوێنەرایەتی یەكێتى ئەوروپا کە رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/٥/١٧ لە بەغدا ئەنجامی داوە بە هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزبازی لەسەر باڵەخانەکەیان، کارێکی نابەرپرسانە و نافەرمییە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە نوێنەرایەتی یەكێتى ئەوروپا لە بەغدا رێز لە سەروەری عێراق بگرێت، چونکە ئەوە بەزاندنی سنوورەکانە و لەلایەن بەها دینی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی عێراقییەوە رەتدەکرێتەوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛”ئێمە رێگە بە هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزبازی لە وڵاتەکەمان نادەین، داوا لە وەزارەتی دەرەوە و لایەنەپەیوەندیدارەکان دەکەین بەدواداچوون بۆ ئەو کارە بکەن و هەریەک لە لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەوقاف و لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران رادەسپێرین کە هەستن بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەرامبەر بەو کارە.

حەداد ئاماژەش بەوە دەکات هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەز بازی لە بەغدا بریندارکردنى هەستی کۆمەڵگەی عێراقییە و داواش دەکات بەزوترین کات ئەو ئاڵایە بهێنرێتە خوارەوە و داوای لێبوردنیش لەو کارە بکرێت و جارێکی دیکەش کارێکی لەوشێوەیە دووبارە نەکرێتەوە.

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز