یاریه‌كانی قۆناغی چاره‌گی كۆتایی جامی ئینگلته‌را به‌رێوه‌ده‌چێت

یه‌كێتی تۆپی پێی ئینگلیزی بریاری له‌سه‌ر به‌رێوه‌چوونى یارییه‌كانى جامه‌كه‌ى دا


یه‌كێتی تۆپی پێی ئینگلیزی به‌فه‌رمی كاتی یاریه‌كانی ئه‌م وه‌رزی جامی ئینگلته‌رای بڵاوكرده‌وه‌، به‌پێی به‌یاننامه‌ی یه‌كێتی تۆپی پێی ئینگلته‌را له‌رۆژانی بیستو حه‌وت و بیستو هه‌شتی حوزه‌یرانی داهاتوو یاریه‌كانی قۆناغی چاره‌گی كۆتایی جامی ئینگلته‌را ئه‌نجام ده‌درێت

 هه‌ر له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ یاریه‌كانی قۆناغی نیوه‌ی كۆتایی جام له‌ رۆژانی یانزه‌ و دوانزه‌ی ته‌مووزی داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت، سه‌باره‌ت به‌یاری كۆتایی جامی ئینگته‌راش رۆژی یه‌كی ئابی داهاتوو دیاریكراوه‌ بۆ ئه‌نجام دانی یاری كۆتایی جامی ئینگلته‌را

سه‌باره‌ت به‌یاریگا و كاتی به‌رێوه‌چوونی یاریه‌كانیش یه‌كێتی تۆپی پێی ئینگلته‌را هیچ زانیاریه‌كی ئاشكرا نه‌كردوه‌، به‌ڵام به‌پێی ئه‌زموونه‌كانی رابردوو یاری قۆناغی نیوه‌ی كۆتایی و یاری كۆتایی هه‌میشه‌ له‌سه‌ر یاریگای وێمبلی ئه‌نجام ده‌درێت

 پێویسته‌ بوترێت یاری قۆناغی چاره‌گی كۆتایی جامی ئینگلته‌را له‌نێوان هه‌ردوو یانه‌ی لیسته‌ر ستی و چێلسی له‌لایه‌ك و نیوكاسل و مانچسته‌ر ستی له‌لایه‌كی دیكه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، سه‌باره‌ت به‌دوو یاریه‌كه‌ی دیكه‌ش ئه‌رسناڵ و شیفیلد یونایتد رووبه‌رووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، نۆریچ ستی و مان یونایتدیش له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر یاری ئه‌نجام ده‌ده‌ن.