گه‌نجێكی كورد به‌ هۆی گۆرانی كوردییه‌وه‌ كوژرا

له‌لایه‌ن چه‌ند نه‌ته‌وه‌په‌ر‌ستێكی تورك

شه‌وی رابردوو چه‌ند نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی تورك گه‌نجێكی كوردیان به‌ چاقوو كوشت

شه‌وی رابردوو له‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا گه‌نجێكی كورد به‌ ناوی بارش چاقان كاتێك له‌ كۆڵانی نزیك له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیان سه‌رقاڵی گوێ گرتن له‌ گۆرانی و مۆسیقای كوردی بووه‌، 3 كه‌سی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی تورك هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ری.

به‌ گوته‌ی كه‌سوكاری بارش چاقان، بارش له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێ خۆی له‌ كۆڵانی نزیك له‌ ماڵه‌كه‌یان سه‌رقاڵی گوێ گرتن له‌ گۆرانی و مۆسیقای كوردی بووه‌ كه‌ 3 كه‌سی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی تورك به‌ چاقوو هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ری.

له‌و هێرشه‌دا چه‌ند چاقوویه‌ك به‌ر دڵی بارشی ته‌مه‌ن 20 ساڵ ده‌كه‌ون و ده‌م و ده‌ست گیانی له‌ ده‌ست ده‌دات.

بارش پێشتریش له‌ لایه‌ن چه‌ند نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی توركه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێكرابوو، به‌ڵام دوێنێ شه‌و سه‌عات 10 و 30 ده‌قیقه‌، سێ كه‌س هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ری و ده‌یكۆژن.

جێگای ئاماژه‌ پێكردنه‌ كه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی ساڵی 2019وه‌ گوشاره‌كانی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستان و حكوومه‌تی توركیا بۆ سه‌ر هاووڵاتییه‌ كورده‌كان به‌ تایبه‌تی له‌ شاره‌كانی رۆژئاوای توركیا په‌ره‌یان سه‌ندووه‌.

ئه‌رده‌لان گۆران