ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 4 بریاری نوێی ده‌ركرد

تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا

- ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی چوارەمین كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازكرد و لە میانیدا چوار بڕیاری تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركرد.

کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

    

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی چوارەمین كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازكرد و لە میانیدا چوار بڕیاری تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركرد.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو و رایگەیاند لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی بە تێروتەسەلی باسی سەردانەكەی بۆ پارێزگای كەركووك كردووە كە لە میانیدا سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق كردووە كە دوێنێ‌ سێشەممە هێزە عێراقییەكان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە پێنج میحوەری كەركووكەوە دەستیان پێكرد.

بەپێی راگەیەندراوەكە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی جەختی كردووەتە لەسەر ئەوەی كە ئەنجامە بەراییەكانی ئۆپەراسیۆنەكە، موژدە بەخشن و حكوومەت سوورە لەسەر بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا.

ئاماژە بەوەیش داوە كە مستەفا كازمی باسی لە هەوڵەكانی حكوومەت بۆ رووبەڕبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستا بووەتە بەرەنگارییەكی گەورە كردووە و رایگەیاندووە، بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كاری لە پێشینەی حكوومەتە و جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی گرنگە هەمووان پابەندن بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی كە لەلایەن لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانییەوە دەركراون.

بەپێی رایگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، وەزیری تەندروستیی، حەسەن تەمیمی راپۆرتێكی ورد و گشتگیری پێشكەش كرد كە تیایدا دوایین پێشهاتەكانی رەوشی تەندروستیی لە سایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ژمارەی تووشبووان، هەوڵی تیمەكانی تەندروستیی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بە تووشبووان، ئەو رێوشوێنانەی كە وەزارەتی تەندروستیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسەكە و كەمكردنەوەی ژمارەی تووشبووان گرتووەتەبەر، خستەڕوو.

هاوكات وەزیری دارایی راپۆرتێكی گشتگیری سەبارەت بە رەوشی دارایی، قەرزەكان، داهاتی هەناردەكردنی نەوت و ئەو بەرەنگارییانەی كە عێراق لە رووی داراییەوە رووبەڕووی بووەتە پێشكەش كرد.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا، رێگا چارسەرەكان بۆ قەیرانی دارایی و كەمكردنەوەی خەرجییەكان بیگرێتەبەر، خراونەتەڕوو.

لە كۆبوونەوەكەدا، ئەنجوومەنی وەزیران ئەو پرسانەی كە خرابوونە نێو بەرنامەی كارەوە تاوتوێ كرد دواتر ئەو چوار بڕیارەی خوارەوەی پەسەندكرد:

یەكەم: پشتبەستن بە نمرەی نیوەی ساڵ وەك نمرەی كۆتایی بۆ تاقیكردنەوەکانی گشتیی پۆلی شەشەمی سەرەتایی بۆ ئەمساڵی خوێندن، رێگە بە قوتابیانی كەوتوو بدرێت تاقیكردنەوەی خولی دووەم بكەن لە سەرجەم ئەو وانانەی كە تیایدا دەرنەچوون و كەوتوون.

دووەم: نیشاندانی رەزامەندی لەسەر هەمواركردنەوەی بڕگەی (2) لە بڕیاری ژمارە (52)ی ساڵی 2018 سەبارەت بە پڕۆژەی رێككەوتننامەی دووركەوتنەوە لە باجی دوولایەنە و رێگریكردن لە خۆدزینەوە لە دانی باج كە سەپێنراوە بەسەر داهات و سەرمایەداران لەنێوان حكوومەتی عێراق و حكومەتی کۆماری چیك، ئەویش پشت بەستن بە حوكمەكانی ماددەی (80/شەش) لە دەستوور و سەرپشككردنی وەزیری دارایی لە دانوستان و واژووكردنی پڕۆژەی رێككەوتننامەكە.

سێیەم: نیشاندانی رەزامەندی لەسەر هەمواركردنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (260)ی ساڵی 2018 سەبارەت بە دواكەوتنی پێبژاردەكان، لەوانە سڕینەوەی پێبژاردنی كەڵەكەبووی كۆمپانیای گشتیی بەندەرەکان، ئەویش پشت بەستن بە حوكمەكانی ماددەی (46/پێنج و حەوت) لە یاسای كارگێری دارایی فیدرال بە ژمارە (شەش) بۆ ساڵی 2019.

چوارەم: دابیینكردنی بەنزین لەلایەن وەزارەتی نەتەوە بۆ وەزارەتەكانی بەرگریی، ناوخۆ، تەندروستیی و سەرچاوەكانی ئاو تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا دانیشتنێكی تایبەت بۆ گفتوگۆكردن سەبارت بە قەیرانی دارایی و ئەو رێوشوێنانەی كە پێویستە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە بگیرێنەبەر، ساز بكات.