كازمی : حكومەت كار دەكات بۆ ئەوەی چیتر تەنها پشت بە سەرچاوەی نەوت نەبەستێت

پێویستە كەرتی تایبەت پابەند بێت بە دانی باج

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە میانەی دیدارێكیدا لە گەڵ ژمارەیەك لە بازرگانان و بسمزمانی عێراقی رایگەیاند كە حكومەتی ئێستا حكومەتێكی تەوافوقییە بە شێوەیەكی لێكتێگەیشتی نیشتیمانی هەوڵ دەدات زاڵ بێت بە سەر قەیرانەكان و عێراق بەرەو رزگار بوون ببات .

لە بەیاننامەیەكی راگەیەناندنی نووسینگەی  سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتووە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق تەئكیدیشی لە سەر كارو وەبەرهێنانی ئەو بازرگانانە كردەوە ، بەتایبەتی ئەو كێشەو بەربەستانەی كە دێنە پێش لە جێبەجێكردنی كارەكانیان ، بەتایبەتی كەرتی تایبەت كە ئەمڕۆ گرنگە بۆ وڵات .

هەروەها راشیگەیاند كە حكومەتی ئێستا حكومەتێكی تەوافوقی و پشتیوانیكردن و لێكتێگەیشتنە بۆ ئەوەی زاڵ بین بەسەر قەیرانەكان و كاریگەری هەبێت لە سەر پێشكەشكردنی خزمەت بۆ هاووڵاتیان ، لێدانی گەندەڵكاران ، چونكە عێراق لە بارودۆخێكی سەختی ئابووری و دەرهاویشتەكانی پەتای كۆرۆنا دایە .

سەرۆك وەزیرانی عێراق كەرتی تایبەت و گرنگییەكەی بە زەرورەتێكی هەرە گەورە دانا و رایگەیاند كە پێویستە رۆڵی سەرەكی پێ بدرێت بۆ ئەوەی باری ئابووری چالاك بێت .

كازمی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە كار بكرێت بۆ ئەوەی ئابووری عێراق رزگار بكەین لە خۆ گرێدان بە نەوت و بە پێویستی زانی گرنگی بدرێت بە كەرتەكانی پیشەسازی و كشت و كاڵ و گەشت و گوزارو وەبەرهێنان و گواستنەوە هتد ...  روونیشیكردەوە كە حكومەت سوورە لە سەر شەڕ كردن دژ بە گەندەڵی و گەندەڵكاران لە هەموو جومگەكانی وڵات ، بە خالە سنووریەكانەوە .

هەروەها جەختیشی كردەوە كە پێویستە كەرتی تایبەت پابەند بێت بە دانی باج ، كە وڵات بەشێك لە داهاتەكانی وەرگرتنی باجە . هەر كەسێكیش پابەند نەبێت ئەوا مۆڵەتی وەبەرهێنانی لێ دەسەندرێتەوە .

 

سوهێل تاهیر ........ كوردستان تیڤی