بەرمیلێك نه‌وتى خاوی برێنت به‌‌‌ 43 دۆلار و 19 سه‌نته‌

له‌ بازاڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا

 مه‌ترسی شه‌پۆلی دووه‌می په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا، كاریگه‌ری نه‌رێنیی كردووه‌ته‌ سه‌ر چالاكییه‌ ئابوورییه‌كان و داخوازی له‌سه‌ر نه‌وت له‌ جیهاندا.

- له‌ بازاڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت به‌‌‌ ٤٣ دۆلار و ١٩ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

رۆژی هه‌ینیی نرخی خاوی برێنت گه‌یشته ٤٢ دۆلار و ٩٩ سه‌نت و رۆژه‌كه‌ی به‌ ٤٢ دۆلار و ٨٠ سه‌نت ته‌واو كرد.

ئه‌مڕۆ له‌ كاتژمێر ٠٩:٢٢ه‌وه،‌ نرخی نه‌وت به‌ به‌راورد به‌ كاتی داخستنی بازاڕ به‌ڕێژه‌ی ‌سه‌دا ٠،٩١ به‌رزبووه‌ و به‌ ٤٣ دۆلار و ١٩ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.

له‌هه‌مان كاتدا نرخی یه‌ك به‌رمیل خاوی رۆژئاوای تێكساس (WTI)، به‌ ٤٠ دۆلار و ٥٨ سه‌نت كڕیاری هه‌بوو.

به‌رزبوونه‌وه‌ی خێرای ژماره‌ی تووشبوون و گیانله‌ده‌ستدان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا، ئاماژه‌ بۆ لاوازبوونی داخوازی له‌سه‌ر نه‌وتی خاو ده‌كات له‌ چاره‌كی سێیه‌می ساڵدا له‌و وڵاته‌ كه‌ گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وته‌ له‌ جیهاندا.

بەپێی‌ ماڵپەرى "Worldometer" كه‌ به‌ پشت به‌ ئاماره‌ نوێیەكانى تووشبوون بە په‌تای ڤایرۆسى كۆرۆنای نوێ ده‌به‌ستێت لە جیهاندا له میانی ‌٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٦٠٨ كه‌سی دیكه‌ له‌ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا به‌ په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، كۆی گشتیی گیانله‌ده‌ستدان به‌و په‌تایه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ ١٣٢ هه‌زار و ١١٢ كه‌س.

هه‌روه‌ها مه‌ترسی شه‌پۆلی دووه‌می په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا كاریگه‌ری نه‌رێنیی كردووه‌ته‌ سه‌ر چالاكییه‌ ئابوورییه‌كان و داخوازی له‌سه‌ر نه‌وت له‌ جیهاندا.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌لایه‌ن رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (OPEC) و ژمارەیەک وڵاتی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت لە دەرەوەی رێکخراوەکە، هاوكاره‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی خستنه‌بازاڕی زیاتری نه‌وت.

به‌پێی ئاماره‌كانی هه‌فتانه‌ی کۆمپانیای خزمەتگوزاری نەوتی ئەمریکا "Baker Hughes"، ژماره‌ی سەکۆکانی هەڵکەندنی بیری نەوت لە ئەمریکا لە هەفتەی ٢٧حوزه‌یران-دووی ته‌مووز به‌ به‌راورد به‌ هه‌فته‌ی پێشووتر سێ سەکۆ کەمی کردووە و دابه‌زیوه‌ بۆ ١٨٥ سەکۆ و ئه‌وه‌یش له‌ حوزه‌یرانی ٢٠٠٩ه‌وه‌ تا ئێستا نزمترین ئاسته‌.

بەو شێوەیە ماوەی ١٦ هەفتەیه‌ یەک لە دوای یەک، ژمارەی سەکۆکانی بیرە نەوت لە ئەمریکا کەم دەکات و تێكڕا ٤٩٨ سەکۆ کەمی کردووە.

هاوكات باس له‌‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ره‌نگه‌ لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٤٣ دۆلار و ٢١ سه‌نت بۆ ٤٣ دۆلار و ٣٣ سه‌نت بەرهەڵستی بنوێنێت و نرخه‌كه‌ی له‌نێوان ٤٣ دۆلار و نۆ سه‌نت بۆ ٤٢ دۆلار و ٩٧ سه‌نت بمێنێته‌وه‌.