ئه‌مریكا: تا ئەو رۆژەی ھیشام تیرۆر کرا لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ھەڕەشەی لێکراوە

تیرۆر كردنی هیشام هاشمی بە تووندی محكوم دەكەین

مایكل پۆمپیۆ وەزیری كاروباری دەرەوەی ئەمریکا، له‌ میانى  کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتۆن تیشكى خسته‌ سه‌ر تیرۆر كردنی هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسیی و سەربازیی عێراقی؛ بە تووندی محكومى كرد.

 


ئه‌مرۆ8/7/2020 مایكل پۆمپیۆ وەزیری كاروباری دەرەوەی ئەمریکا، له‌ میانى  کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتۆن  گووتى : تیرۆركردنى هاشمی به‌تووندى مه‌حكوم ده‌كه‌ین ، ئەو بە شێوه‌یه‌كی درەندانە لەبەردەم ماڵەكەی كوژرا. هه‌ره‌وها گووتى ئه‌و بۆ عێراقێكی خاوەن سەروەری تێدەكۆشاو زایەڵەی هیوابەخشی عێراقییەكان بوو.  

ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ هاشمی بەر لەوه‌ی تیرۆر بكرێ،  به‌رده‌وام گرووپەکانی گرێدراوی ئێران هەڕەشەیان لێكردبوو، هیشام رۆژنامەنووسێکی نیشتمانپەروەرو دەنگی هیوابه‌خشی خەڵکی عێراق بۆ ئاسایش و چاكسازی.

پۆمپیۆ گووتى :داوا له‌  حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین هەرچی خێراتر بکوژەکانی هاشمی بدۆزێتەوەو لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکاو سه‌زایان بدات."


هیشام هاشمی شاره‌زا و توێژه‌ره‌وه‌ی بواری هزری توندڕه‌وی و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان، لە 6/7/2020 له‌ ناوچه‌ی زه‌یونه‌ی به‌غدا، له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆی درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌و تیرۆر كرا. پێشتر كه‌سێكى نزیكى له‌ كه‌ناڵى ئه‌لحوڕه‌ باسى له‌وه‌كردبوو كه‌ هاشمى له‌ لایه‌ن کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق پێشتر هەڕەشەی کوشتنیان لێكردبوو.

هیشام هاشمى به‌وه‌ناسراو بوو وه‌ك ره‌خنه‌گرێكى سیاسى و سه‌بازى و تایبه‌ت به‌ بیرى توندره‌وى ده‌ركه‌وتبوو، له‌ زۆربه‌ى ناوه‌نده‌ میدیایه‌كانى عێراقى و جیهانى ئاماده‌یى هه‌بوو واته‌ كه‌سێكى ناسراوى بواره‌كه‌ى خۆى بووه‌ .


کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق گروپێكى توندره‌وى سەر بە حەشدی شەعبییەو له‌ بنه‌ڕه‌تدا سه‌ر به‌ ئێرانن كه‌ له‌ لایه‌ن ئەبومەهدی موهەندیس دامەزراوە.


لایى خۆشیان  رۆژنامەڤانەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تیرۆری هیشامیان داوه‌ته‌ پاڵ داعش، شاره‌زایان پێیان وایه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ بۆ شێواندنى تیرۆره‌كه‌ی و هه‌نگاوێكی چه‌واشه‌كارانه‌یه‌‌.


هه‌مان ئه‌و رۆژه‌ی هاشمى تیرۆر كرا، له‌ کەناڵێکی عێراقی رەخنەی لەو گرووپانە گرت کە بەمووشەک پێگە دیپلۆماسییەکان دەکەنە ئامانج، پێی وابوو ئەو گرووپە یاخییانە دژایه‌تی دەسەڵاتی یاسا دەکەن.


هیشام هاشمی پسپۆڕێکی بواری ئاسایش بوو، بەردەوام لە میدیا عەرەبی و جیهانییەکان و بەشێک لە زانکۆ و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی جیهان پشت بە توێژینه‌وه‌ لێدانه‌وه‌كانی بۆ رووداوەکان دەبەسترا، بەتایبەتی ئەو لێکۆڵینەوانەی پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکانەوە بوو.


هاشمی ساڵی 1973 له‌ شاری به‌غدا  چاوی به‌ ژیان هه‌ڵێنابوو. له‌ ساڵی 1997 كاری سه‌ره‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رێكخراوی داعش و میلیشیا هاوشێوه‌كانی و چاودێری تاقم و ره‌وته‌ ئیسلامییه‌كانی عێراقی ده‌كرد. 

ره‌حیم ره‌شیدی