سوپاى ئه‌ڵمانيا په‌نا ده‌باته‌ به‌ر سه‌گ بۆ ده‌ستيشانكردنى ڤايرۆسى كۆڕۆنا

هه‌ر يه‌كه‌ له‌ فنله‌ندا و بريتانيا و ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكاش تاقيكردنه‌وه‌ى هاوشێوه‌يان ده‌ست پێكردووه‌

ساڵانێكه‌ ده‌زگا ئه‌منييه‌كان له‌ ژماره‌يه‌ك وڵاتانى جيهان پشت به‌ سه‌گ ده‌به‌ستن بۆ ئاشكراكردنى مين و ته‌قه‌مه‌نى و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌هه‌موو جۆره‌كانيه‌وه‌، به‌م دواييه‌ش له‌ساى هه‌ستى بۆنكردنى‌ له‌ راده‌به‌ده‌رى، سه‌گ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ ده‌ستيشانكردنى چه‌ند جۆرێكى جياوازى نه‌خۆشيى شێرپه‌نجه‌ و ئاشكراكردنى دابه‌زينى ئاستى شه‌كر له‌ نه‌خۆشانى شه‌كره، ئه‌مه‌ش دواى راهێنانێكى چه‌ند مانگه‌.

ئه‌زموونى سه‌گ به‌تايبه‌تى له‌گه‌ڵ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه،‌ تواناى له‌ راده‌به‌ده‌رى له‌ بۆنكردن سه‌لماندووه‌ و، ژماره‌يه‌ك له‌ تۆژينه‌وه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ لوو‌تى ئه‌م گياندارانه‌ 300 مليۆن دۆزه‌ره‌وه‌ى بۆن له‌خۆده‌گرێ و تواناى ناسينه‌وه‌ى خانه‌ شێرپه‌نجه‌ييه‌كانيان هه‌يه‌، بۆ به‌راورديش لووتى مرۆڤ ته‌نها 6 مليۆن له‌م ‌دۆزه‌ره‌وانه‌ى بۆن له‌خۆده‌گرێ.

هه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌شه‌‌ هانى‌ زانايانى داوه‌ بڵێن، ئه‌گه‌ر سه‌گ له‌ ده‌ستيشانكردنى نه‌خۆشيى شێرپه‌نجه‌ سه‌ركه‌وتوو بووبێ، ده‌شێ له‌ ده‌ستيشانكردنى ڤايرۆسى كۆڕۆناى نوێش سه‌ركه‌وتوو بێت.

هه‌ر له‌م روانگه‌وه‌ش، سوپاى ئه‌ڵمانيا بيرى له‌ باشترين دۆستى مرۆڤ كردۆته‌وه‌ بۆ ده‌ستيشانكردنى تووشبووانى ڤايرۆسى كۆڕۆنا و به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ په‌يمانگه‌ى "تيهۆ" له‌ زانكۆى "هانۆڤه‌ر"، ده‌ستى به‌ تاقيكرنه‌وه‌كانى كردووه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ 10 سه‌گ كه‌ سه‌ر به‌ "فێرگه‌ى كه‌مۆكردنى سه‌گه‌كان"ى سه‌ر به‌ سوپايه‌ له‌ شارى ئۆڵمن له‌ رۆژئاواى ئه‌ڵمانيا.

به‌گوێره‌ى پێگه‌ى "دى فيڵت"ى ئه‌ڵمانى، هه‌ر يه‌كه‌ له‌ فنله‌ندا و بريتانيا و ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكاش تاقيكردنه‌وه‌ى هاوشێوه‌يان ده‌ست پێكردووه‌ و سه‌گه‌كان رادێنن له‌سه‌ر ده‌ستيشانكردنى ڤايرۆسى كۆڕۆنا له‌ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى نموونه‌ى ليك، هه‌روه‌ها له‌و وڵاتانه‌ چه‌ند تاقيكردنه‌وه‌يه‌كيش له‌سه‌ر به‌كارهێنانى نموونه‌كانى ئاره‌قه‌ و ميز ده‌كرێت بۆ ده‌ستيشانكردنى تووشبووانى ئه‌م په‌تايه‌.

KurdistanCT