حكوومەتی ھەرێم 500 ملیۆن دینار قەرزی لە بازرگانان وەرگرتووەتەوە

جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان بەردەوامە

سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجومەنی وەزیران رایگه‌یاند" دوای بڕیاری حكوومەت بۆ وەرگرتنەوەی قەرز لە بازرگانان، تا ئێستا ٥٠٠ ملیۆن دینار لە بازرگانان وەرگیراوەتەوە و بەردەوامیش دەبن تا ھەمووی وەردەگرنەوە.

د. عەبدولحەكیم خەسرۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت تاوەكو یاساكە بە تەواوی جێبەجێ دەكرێت، كە چەندین ماددە و بڕگە لەخۆ دەگرێت و كارەكانیش بۆ جێبەجێكردنی یاساكە بە باشی بەڕێوە دەچن".

سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی ئەنجومەنی وەزیران گوتیشی: "یەكێك لە خاڵەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان، وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەیە كە لەسەر بازرگانان ھەیە و، تاوەكو ئێستاش بازرگانان ٥٠٠ ملیۆن دیناریان بۆ حكوومەت گەڕاندووەتەوە".

خەسرۆ گوتیشی: "وەرگرتنەوەی قەرز لە بازرگانان بەردەوام دەبێت، تاوەكو ھەموو ئەو قەرزەی لەسەر بارزگانانە، لێیان وەردەگیرێتەوە."

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نزیكەی٨٠٠ ملیار دیناری لەسەر بازرگانانە و لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا بڕیاری داوە ئەو قەرزە لە بازرگانان وەرگرێتەوە، یاخود دەست بەسەر مڵكەكانیاندا بگرێت و لەجیاتی قەرزەكە بیانفرۆشێت.