تڕه‌مپ به‌ زمانی فارسی په‌یامێكی ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران كرد

ئیدانه‌ی بڕیاره‌كه‌ی تارانی كرد بۆ له‌سێداره‌دانی سێ كه‌س


سەرۆكی ئەمریكا په‌یامێكی ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی  ئێران كرد و ئیدانه‌ی بڕیاره‌كه‌ی تارانی كرد بۆ له‌سێداره‌دانی سێ كه‌س له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی به‌شدارییان كردبوو له‌ دژی بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، پەیامێكی بە زمانی فارسی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئێران كرد، نووسیویەتی: ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر سێ كەسدا سەپاند، بەهۆی بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندانەكان.

دۆناڵد ترەمپ ده‌ڵێت: پێشبینی دەكرێت لە هەر ساتێكدا بێت بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت، بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو سێ كەسە پەیامێكی خەمناكە بۆ هەموو جیهان و پێویست ناكات جێبەجێ بكرێت.

دوێنێ سێ شه‌ممه‌ دادگای ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر سێ كه‌سدا سه‌پاند بە تۆمەتی ئەوەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكانی مانگی 11ی ساڵی 2019 كردووە له‌ دژی بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین.

 

tramp.jpg