نرخی یەک بەرمیل نه‌وتى خاوی برێنت به‌‌‌ 44 دۆلار و 39 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت

له‌ بازاڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا

دابه‌زینی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دراوه‌كانی یورۆ، یەن، پاوه‌ن، دۆلاری كه‌نه‌دی، كرۆنی سویدی فرەنکی سویسری و شه‌ش دراوی دیكه‌، داخوازی له‌سه‌ر نه‌وت زیاد كردووه‌ و نرخه‌كه‌یشی به‌رزكردووه‌ته‌وه‌.


له‌ بازاڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت به‌‌‌ ٤٤ دۆلار و ٣٩ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

دوێنێ نرخی خاوی برێنت گه‌یشته، ٤٤ دۆلار و ٤٠ سه‌نت و رۆژه‌كه‌ی به‌ ٤٤ دۆلار و ٢٩ سه‌نت ته‌واو كرد.

كاتژمێر ٠٩:٢٧ی ئه‌مڕۆ،‌ نرخی نه‌وت به‌ به‌راورد به‌ كاتی داخستنی بازاڕ له‌ دوێنێدا به‌ڕێژه‌ی ‌سه‌دا ٠،٢ دابه‌زی و به‌ ٤٤ دۆلار و ٣٩ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ كرا.

له ‌هه‌مان كاتدا نرخی یه‌ك به‌رمیل خاوی رۆژئاوای تێكساس (WTI)، به‌ ٤٢ دۆلار و دوو سه‌نت كڕیاری هه‌بوو.

هه‌روه‌ها دابه‌زینی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دراوه‌كانی یورۆ، یەن، پاوه‌ن، دۆلاری كه‌نه‌دی، كرۆنی سویدی فرەنکی سویسری و شه‌ش دراوی دیكه‌ كه دوێنێ له‌ ئیندێكسی دۆلاری نێوده‌وڵه‌تیی به‌هاكه‌یان به‌رامبه‌ر ٩٥،٨٣ دۆلار بوو كه‌ ئه‌وه‌یش لهماوه‌ی چوار مانگ و نیوی رابردوودا‌ نزمترین ئاستی تۆماركردووه‌، داخوازی له‌سه‌ر نه‌وت زیاد كردووه‌ و نرخه‌كه‌شی به‌رزكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، به‌رزبوونه‌وه‌ی نه‌وتی خاوی بازرگانیی عەمبارکراوی‌ ئه‌مریكا به‌ پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كان كه‌ به‌ ئاراسته‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ بوو، له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا كه‌ ١٥ ملیۆنی تێپه‌ڕاندووه‌، به‌رده‌وام كاریگه‌ری له‌سه‌ر نرخی نه‌وت دروست ده‌كات.

به‌پێی زانیارییە‌كانی په‌یمانگای نه‌وتی ئه‌مریكی، نه‌وتی خاوی بازرگانیی عەمبارکراو له‌ ئه‌مریكا، هه‌فته‌ی رابردوو چوار ملیۆن و ٩٠٠ هه‌زار به‌رمیل (سه‌دا ٠،٩) زیادی كردووه و گه‌یشتووه‌ته‌ ٥٣٦ ملیۆن و ٦٠٠ هه‌زار به‌رمیل. ‌ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ چاوه‌ڕوانی بازاڕ به‌و ئاراسته‌یه‌ بوو دوو ملیۆن و ١٠٠ هه‌زار به‌رمیل كه‌م بكات.

بەپێی زانیارییەکانی زانکۆی جۆنز هۆپكینس، ژمارەى تووشبووانی ڤایرۆسى كۆرۆناى نوێ (COVID-19) لەسەرانسەرى جیهاندا، گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌رو ١٥ ملیۆن و ٢٠٠ هه‌زار كه‌س.

هاوكات باس له‌‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ره‌نگه‌ لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٤٤ دۆلار و ٤٩ سه‌نت بۆ ٤٤ دۆلار و ٥٩ سه‌نت بەرهەڵستی بنوێنێت و نرخه‌كه‌ی له‌نێوان ٤٤ دۆلار و ٣٠ سه‌نت بۆ ٤٤ دۆلار و ٢١ سه‌نت بمێنێته‌وه‌.